سەرۆك وەزیرانی راسپێردراوی عێراق لە یەكەم دەركەوتنی فەرمیدا، بەڵێنی لێپێچینەوەی لەگەڵ بكوژانی خۆپێشاندەران دا و رای گەیاند، خوێنی عێراقییەكان هێڵی سوورە، هیچ رێز و بەهایەكمان نابێت ئەگەر بە بەرچاوی ئێمە بەهەدەر بڕوات.
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، دوای شەش رۆژ لە كاندیدكردنی وەك سەرۆك وەزیرانی داهاتووی عێراق، محەمەد تۆفیق عەلاوی یەكەم گوتاری خۆی وەك كاندیدی سەرۆك وەزیران پێشكەش كرد.
عەلاوی ئاماژەی بە لە پێشینەی كارەكانی حكوومەتی داهاتوو كرد رای گەیاند، لێكۆڵینەوە لە پێشێلكارییەكانی بەرانبەر بە خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان، یەكەم كاری حكوومەتی داهاتوو دەبێت و لێپرسینەوە لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە دەكرێت، بەوانەی لە پشتەوەی رووداوەكانیش بوون. ئەو گوتی "خوێنی عێراقییەكان هێڵی سوورە، هیچ رێز و بەهایەكمان نابێت ئەگەر بە بەرچاوی ئێمە بەهەدەر بڕوات".
عەلاوی ئاماژەی بەوەدا كە هێشتا بە فەرمی دەست بەكار نەبووە تا رێكاری بگرێتەبەر، ئەوەی ئێستە گرنگە ئەوەیە، دۆخەكە لەوە خراپتر نەبێت، گوتی "دووپات لەوە دەكەمەوە كە داواكاری گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندان كە خۆی لە دەستنیشان كردنی كاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت دەبینێتەوە، جێبەجێ دەكەین، جگە لەمەش لێكۆڵینەوە لەگەڵ هەموو ئەو كەسانەش دەكرێت كە دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەكان".
خوێنی عێراقییەكان هێڵی سوورە
سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو دۆخی ئێستەی عێراق بە دۆخێكی زەحمەت ناو دەبات، پێی وایە تا دێت كێشەی زیاتر روودەدەن، ئەمەش لێمان دەخوازێت بە ئاشكرایی و بە روونی قسە بكەین، بانگهێشتی هەموو تواناكان بكەین بە ئامانجی گەڕانەوە بۆ سەر رێگە راستەكە.
عەلاوی باسی لە رووداوی دوو رۆژی رابردوو لە نەجەف و شارەكانی تری عێراق كرد، پێی وایە ئەوەی بەرانبەر بە خۆپێشاندەران روودەدات ئاماژەیەكی مەترسیدارە و نابێت رووبدات، گوتی "ئەو دۆخە قبوڵ كراو نییە، ئەوانەی لە گۆڕەپانەكانی خۆپێشاندەرانن كەسوكاری ئێمەن و شایانی رێز و تەقدیرن، ئەركی ئێمەیە بیانپارێزین و گوێ لە دەنگیان بگرین نەك سەركوتیان بكەین".
زیاتر گوتی "ئەوە رەوشتی من نییە ئەو پۆستەم قبوڵ كرد بێت بۆ ئەوەی سەیری دۆخەكە بكەم و لەو ئەركەشدا بێدەنگ بم كە كەسوكارمان رووبەڕووی جۆرێك لە مامەڵە ببنەوە كە ویژان قبوڵی ناكات".