كڵاوشینەكان هەڵدەكوتنە سەر گۆڕەپانەكانی مانگرتن لە بەغدا و كەربەلا

:: PM:05:53:06/02/2020 ‌

دوای ئەوەی هێرشیان كردە سەر گۆڕەپانی مانگرتنی نەجەف و بەو هۆیەوە هەشت كوژراو و 158 بریندار لە ریزەكانی خۆپێشاندەران كەوتەوە، كڵاوشینەكانی سەر بە موقتەدا سەدر ئێستە لە كەربەلا و بەغدا روویان لە گۆڕەپانی مانگرتنی خۆپێشاندەران كردووە و هەوڵی چۆڵكردنیان دەدەن.
ئەوەی روودەدات دوا كارتی هێزە سیاسییەكانی عێراقە بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان
وەك میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە لە شاری كەربەلا كڵاوشینەكانی سەر بە سەدر هەڵیان كوتاوەتە سەر گۆڕەپانی پەروەردە لە ناوەڕاستی شارەكە و كۆنترۆڵی فولكەی پەروەردەیان كردووە و رووبەڕووی خۆپێشاندەران بوونەتەوە و ئەوان سەكۆی مانگرتوانیان تێكشكاندووە و گولەیان بۆ ئاسمان تەقاندووە بۆ بڵاوكردنەوەی خۆپێشاندەران و تا ئێستە هەشت بریندار هەن.

سەرچاوەیەكی تەناهی لە بەغدای پایەتەخت رای گەیاند كە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم كڵاوشینەكانی سەر بە سەدر دەستیان كردووە بە بڵاوبوونەوە لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا كە گۆڕەپانی سەرەكیی مانگرتنی خۆپێشاندەرانە لە عێراق.

لای خۆیەوە غەیس تەمیمی سەركردەی پارتی مواتەنە، ئەمڕۆ پێنجشەم لەبارەی رووداوەكانی دوایی عێراق گوتی، موقتەدا سەدر لەسەرەتاوە پاڵپشتی خۆپێشاندانەكان نەبوو، بەڵكو بۆ بەرژەوەندی خۆی لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن بووە بۆ دەستكەوتی سیاسی، ئێستەیش دەیەوێ ویستی خۆی بەسەر خۆپێشاندەران بسەپێنێت و كۆتایی بە ناڕەزایەتییەكان بێنێت، چونكە محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی تارانە و ئەو كوشتن و سەركوتكاریەیشی دەیكات بەفەرمانی ئێرانە و ئەو لەسایەی بێدەنگی هێزە سیاسییەكان و لەژێر باڵی دەوڵەتی عێراق تاوان ئەنجام دەدات، چونكە هەمووان لە كوشتنی خۆپێشاندەران تێوەگلاون. 

دووپاتی كردەوە كە كۆمەڵگَەی نێودەوڵەتی چاودێریی دۆخەكە و هەڵسوكەوتی سەدر دەكات كە ئەوەی دەیكات دوا كارتی هێزە سیاسییەكانە بۆ نەهێشتنی خۆپێشاندانەكان و سەدر وەك ئەسپی تەروادە لە گۆڕەپانەكانی مانگرتن بەكار دێت و لە دوو رۆژی داهاتوودا ئەو یارییە تەواو دەبێت.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل