مەرجی كورد و سوننە بۆ بەشداری لە حكوومەتەكەی عەلاوی ئاشكرا بوو

:: PM:06:00:06/02/2020 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، سەرچاوەیەكی نزیك لە محەمەد تۆفیق عەلاوی كاندیدی سەرۆك وەزیرانی دهاتوو، ئاشكرای كرد، كورد و سوننە بە عەلاویان راگەیاندووە كە سازش لە پشكی خۆیان لە كابینەی حكوومەتی نوێ ناكەن، بەڵام هێزە شیعەكان سازشیان كردووە، وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ خواستی شەقام.

ئەو سەرچاوە سیاسییە نزیكەی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو باسی لەوە كرد، شەوی سێشەم و شەوی چوارشەمی رابردوو لە كاتی پێوەندی كردن بە هێزە كوردی و سوننەكان، هەردوولا بە راشكاوی بە عەولایان راگەیاندووە لەسەر بنەمای هەڵبژاردنی 2018 پشكی خۆیان لە حكوومەتی نوێ دەوێت، هۆشكاری ئەوەیشیان پێداوە ئەگەر پشكیان مسۆگەر نەبێت ئەوا دەنگ بە كابینەكەی نادەن، زیاتر گوتی "بە عەلاویان گوت، تۆ كاندیدی شیعەكانی و لەسەر پشكی ئەوان ئەو پۆستەت وەرگرتووە".

زیاتر گوتی "عەلاوی ویست و داخوازی كورد و سوننەی رەت نەكردەوە، هەروەك پەسندیشی نەكرد و تا ئێستە لە گفتوگۆدایە لەگەڵیان".

بەگوێرەی قسەی ئەو سەرچاوە سیاسییەی نزیك عەلاوی بێت كە قسەی بۆ ماڵپەڕی "مەوازین" كردووە، هەریەكە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی مالیكی، هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی عەبادی و هاوپەیمانی نیشتمانی بە سەرۆكایەتی ئەیاد عەلاوی رایان گەیاندووە كە بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەت ناكەن، لە بەرانبەریشدا عەمار حەكیم سەركردەی رەوی حیكمە بە عەلاوی راگەیاندووە كە بەشداری لە حكوومەت دەكەن و وەزارەتی نەوتیان دەوێت، ئەمەیشیان بە روونی بە عەلاوی گوتووە.

كورد و سوننە بۆ عەلاوی: تۆ كاندیدی شیعەی و ئێمەش سازش لەسەر پشكی خۆمان لە حكوومەتەكەت ناكەین


زیاتر روونی كردەوە، هەریەكە لە هاوپەیمانی سائیروون و فەتح ئەو دوو لایەنەن كە پشتگیری لە حكوومەتی عەلاوی دەكەن و هاوشێوەی حكوومەتی عەبدولمەهدی، مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵام كوردەكان پێداگرن لەسەر وەزارەتی دارایی و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاری، سوننەكانیش پێداگرن لەسەر مانەوەی وەزیرەكانیان لە شوێنی خۆیان.

سەرچاوەكە گوتی "ئەگەر لەم مانگەدا عەلاوی نەتوانێت كابینەی حكوومەتەكەی پێك بهێنێت، ئەوا بە نامەیەك هێزەكان ئاگادار دەكاتەوە كە شكستی هێناوە و داوای لێبووردنیش دەكات، چونكە ئەو دەڵێ، رێگە نادەم حكوومەتێك پێشكەشی پەرلەمان بكەم كە ببێتە ئەنجوومەنی ئیدارەدانی كۆمپانیەكی پشكداری".

ئەو سەرچاوە نزیكەی عەلاوی پێی وایە تێپەڕاندنی كابینەی حكوومەتەكەی عەلاوی لە پەرلەمان ئاسان نابێت، ئەویش بەهۆی نەبوونی متمانە لەنێوان لیستە سیاسییەكان.


وشە - فه‌رمان سادق