لە دهۆك 25 هەزاری خانووی زێدەڕۆ هەیە و تاپۆ نەكردنیان بووەتە بەربەست

:: PM:06:55:06/02/2020 ‌
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بە یاسا پرسی زێدەڕۆیی لە كوردستان چارەسەر كردووە، بەهۆی دەرنەكردنی رێنوێنی بۆ جێبەجێكردنی بەربەستی لەبەردەم تاپۆ كردنی خانووی زێدەڕۆ دروست كردووە. شارەوانی دهۆك دەڵێ، تاپۆ نەكردنی خانووەكان یەكێكە لە بەربەستەكانی بەردەم زێدەڕۆیی.

وەزارەتی شارەوانی بە نووسراوی فەرمی بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەكانی شارەكانی ئاگادار كردووەتەوە لە جێبەجێ كردنی یاسای رێگری لە دروستكردنی خانووی زێدەڕۆ كە پێشتر لە پەرلەمانی كوردستان یاسای تایبەتی بۆ دەركرا بوو.

پەرلەمانی كوردستان لە یاسای دووەمدا رێكاری تاپۆكردنی خانووەكانی بەسەر خاوەنەكانی دەستنیشان كردووە
نوبەدار بەرواری، بەڕێوەبەری بەشی یاسا لە شارەوانی دهۆك دەڵێ، بەپێی یاسای ژمارە (3)ـی ساڵی 2018، 13ـی ئاداری 2018 دوا وادەیە و دوای ئەو كاتە رێگە بە دروستكردنی خانوو لەسەر زەوی زێدەڕۆ نابێت بدرێت، گوتی "هەر ئەو دەم وەزارەتی شارەوانیمان ئاگادار كردەوە كە تاكە چارەسەری رێگری كردن لە خانووی زێدەڕۆ تاپۆ كردنی ئەو خانووانەی ئێستە هەن". 

لە كاتێكدا لە كوردستان دوو یاسا پێوەند بە زێدەڕۆیی بۆ سەر زەوی حكوومەت هەیە، پەرلەمانی كوردستان لە یاسای دووەمدا رێكاری تاپۆكردنی خانووەكانی بەسەر خاوەنەكانی دەستنیشان كردووە، بەڵام یاسایەكە پێویستی بە رێنمایی هەیە بۆ جێبەجێ كردنی.

بەپێی ئامارەكانی شارەوانی دهۆك بێت، لەو پارێزگایە نزیكەی 25 هەزار خانووی زێدەڕۆ هەیە كە 17 هەزاریان دەكەوێتە سەنتەری شاری دهۆك.

نوبەدار بەرواری بۆ "وشە" گوتی "هێشتا رێنوێنی لە وەزارەتی شارەوانی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانییەكان نەچووە بۆ جێبەجێكردنی یاسایەكە، هەركات رێنمایی بە دەستمان بگات، دەست دەكەین بە جێبەجێكردنی یاسایەكە".


وشە - فه‌رمان سادق