بۆ دانانی سیستمی پاتریۆت ئەمەریكا چاوەڕوانی وەڵامی عێراقە

:: PM:07:59:06/02/2020 ‌

 

هێرشی مووشەكی ئێران بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی، مەترسی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا، بووەتە پاساو بۆ ئەمەریكا لە دانانی سیستمی پاتریۆت لە عێراق. جەنەڕاڵ ماكنزی دەڵێ، زەحمەتە بزانین چی لە دانوستاندنەكان روودەدات، بەڵام ئێستە بە دۆخێكی مەترسیدار تێدەپەڕین.

ئەمڕۆ پێنجشەم شەشی شوبات، جەنەڕاڵ فرانك ماكنزی سەركردەی باڵای هێزەكانی ئەمەریكا و سەرۆكی سەركردایەتی ناوەندی سوپای ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناوەڕۆكی سەردانی رۆژی سێشەمی ڕابردووی بۆ عێراق ئاشكرا كرد كە ئامانجی ئەمەریكا دامەزراندنی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆتە لە بنكە سەربازییەكانی عێراق و دەڵێ، "دۆخی عێراق زۆر مەترسیدارە".

بەگوێرەی راپۆرتێكی "ئەسۆشیتد پرێس" فرانك ماكنزی كە یەكەم سەردانییەتی بۆ عێراق پاش كوژرانی قاسم سلێمانی لە سەرەتای مانگی رابردوو، مەبەستی سەردانەكەی ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و عێراق بووە كە حكوومەتی عێراق بڕیاری دەركردنی هێزە بیانییەكانی لەسەر خاكی عێراق دەركردووە.


هەڕەشەكانی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا بەردەوامە، بۆیە ئێستە بە دۆخێكی مەترسیدار تێدەپەڕین


ماكنزی لە سەردانەكەی بۆ بەغدا لەگەڵ سەركردەكانی عێراق دیداری هەبووە و پاشان سەردانی سەربازانی ئەمەریكی لە بنكەی سەربازی ئەسەد كردووە كە مانگی رابردوو بووە ئامانجی هێرشی مووشەكی ئێران، گوتی "پێم وایە دەتوانین دەرچەیەك بدۆزینەوە بۆ هەنگاونان".


ئەگەرچی یەكێك لە ئامانجەكانی سەردانی جەنەڕاڵ مكنزی دانانی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆتە، بەڵام لە گەڕانەوەی بۆ ئەمەریكا كە قسەی بۆ "ئەسۆشیتد پرێس" كردووە، دەڵێ، زەحمەتە بزانی چی لە دانوستاندنەكان روودەدات بە تایبەت كە حكوومەتی عێراق لە قۆناغی راگواستن دایە.

جەنەڕاڵ ماكنزی لە سەردانی بۆ عێراق لەگەڵ بەرهەم سالح سەرۆك كۆمار، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی كاربەڕێكەر و محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمان دیداری هەبووە و گفتوگۆی لەسەر دانانی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆت كردووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكەی "ئەسۆشیتد پرێس" بێت، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق پێیان وایە داهاتووی مانەوەی هێزی سەربازییان لە عێراق وابەستەیە بە ئاستی ئەو هەڕەشەیەی كە داعش لەسەر عێراق دروستی كردووە، بەڵام لە ئێستەدا بەهۆی بارگرژییەی هەیە لە پێوەندییەكان ئەوا ئۆپراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەكانیان لەگەڵ سوپای عێراق راگرتووە، ئەگەرچی هێزەكانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی ئەمەریكی لەگەڵ هێزی تایبەتی عێراقی كاری هاوبەش ئەنجام دەدەن.

گەورە سەركردەكانی ئەمەریكی راشكاوانە كشانەوەی سوپای وڵاتەكەیان لە عێراق رەت كردووەتەوە، هاوكات هێرشی مووشەكی ئێرانیش بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا، پاساوی ئەوەی بە ئەمەریكییەكان داوە كە گرنگە سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆت لە عێراق دامەزرێنن، بەڵام تا ئێستە دەسەڵاتدارانی عێراق رەزامەندییان لەسەر ئەوە نەداوە.

جەنەڕاڵ ماكنزی نایشارێتەوە ئەو پرسەیان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ كردووە، ئەوەیشی خستەڕوو كە ئەمەریكا پێی وایە هێشتا هەڕەشەكانی ئێران و میلیشیاكانی لە عێراق و سووریا بەردەوامە، بۆیە ئێستە بە دۆخێكی مەترسیدار تێدەپەڕین.

جەنەڕاڵ ماكنزی، ئامادە نەبوو وردەكاری كۆبوونەوەكانی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لەسەر دانانی سیستمی دژە مووشەكی پاتریۆت ئاشكرا بكات، بەڵام سەردانەكە بە گرنگ ناو دەبات، پێی وایە هێشتا پێویستە سوپای ئەمەریكا لە عێراق بمێنێتەوە و بەردەوام بێت لە راهێنانی سوپای عێراقی و ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژ بە سەرهەڵدانەوەی داعش بەیەكەوە ئەنجام بدەن.

 



وشە - فه‌رمان سادق