له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی مه‌ترسییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دنیا كه له چینه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا، له فڕۆكه‌خانه‌كان و زۆربه‌ی ناوچه سنوورییه‌كانی كوردستان، رێوشوێنی تایبه‌ت دژی ڤایرۆسه‌كه گیراوه‌ته‌به‌ر، به‌ڵام له ده‌روازه سنوورییه‌كانی ناوچه كوردستانییه‌كان له دیاله، هیچ رێوشوێنێك نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر.
ڤایرۆسی كۆرۆنا به خێرایی به دنیادا بڵاو ده‌بێته‌وه و تا ئاماده‌كردنی ئه‌م راپۆرته، سه‌رووی 400 كه‌س به‌هۆی ڤایرۆسه‌كه گیانیان له ده‌ست داوه. له دوو رۆژی رابردوودا حاڵه‌تی مردن له ده‌ره‌وه‌ی چینیش تۆمار كراوه.
گرنگترین رێ بۆ به‌رگرتن له گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه، گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توندی پزیشكیییه
گرنگترین رێ بۆ به‌رگرتن له گواستنه‌وه‌ی ڤایرۆسه‌كه، گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی توندی پزیشكیییه كه زۆربه‌ی وڵاتان گهانایان بۆ بردووه. له كوردستان جگه له‌و شوێنانه‌ی به ناوچه‌ی كوردستانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ناسراون، ئاماده‌كاری و رێوشوێن گیراوه‌ته به‌ر.
به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی كرێكار و كارمه‌ندانی مه‌رزه‌كانی سۆمار و مه‌نده‌لی، به"وشه"یان داوه، هێنده‌ی میلیشیا شیعه‌كان به‌مه‌به‌ستی قاچاخی و كاری نایاسایی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌بووه و خۆیان سه‌پاندووه، داوده‌زگه حكوومییه‌كانی ناوه‌ند پێگه‌یان نییه تا بڕیاری پێویست له‌وباره‌وه بده‌ن.
فارس محه‌مه‌د به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی ته‌ندروستی دیاله، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه كه ئه‌وان وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی ته‌ندروستی دیاله ته‌نیا له ناوه‌ندی پارێزگه و شارۆكه و شاره‌دێكان، له‌رێی گرتنه‌به‌ری پلانی تۆكمه‌وه به‌ر له مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا ده‌گرن.
فارس گوتی، هیچ حاڵه‌تێكی مه‌ترسیدار و گوماناویی نه‌خۆشییه‌كه له سنووری هیچ ناوچه‌یه‌كی دیاله تۆمار نه‌كراوه. به‌ڵام خۆی له باسكردنی گرتنه‌به‌ری رێوشوێنی پێویست له ده‌روازه‌كانی پارێزگاكه بوارد.
هاوكات خالید جه‌به‌ل به‌رپرسی راگه‌یاندنی نه‌خۆشخانه‌ی گشتی خانه‌قین، بۆ "وشه" ئاماژه‌ی دا، له خانه‌قین پلانی تۆكمه گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ به‌رگرتن له مه‌ترسیی كۆرۆنا، هاوكات له‌باره‌ی مه‌رزه‌كانه‌وه به پێویستی زانی تیمی تایبه‌تیان لێ دابنرێت تا كۆنترۆڵی هه‌ر حاڵه‌تێكی نه‌خوازراو بكه‌ن به‌رله‌وه‌ی بگاته ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق.
ئازاد حه‌مید ئه‌ندامی كوردی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كه تا چه‌ند مانگێك پێش ئێسته سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شاره‌وانی مه‌نده‌لی بوو، به"وشه"ی راگه‌یاند، له سنووری ناوچه كوردستانییه‌كانی دیاله، دوو مه‌رزی سه‌ره‌كی هه‌ن، یه‌كێكیان مه‌رزی سۆماره له سنووری شاره‌دێی مه‌نده‌لی و ئه‌ویتریان مونزریهیه له سنووری خانه‌قین.
به‌گوته‌ی حه‌مید "به بیانووی ئه‌وه‌ی هاووڵاتیی چینی له‌وێوه نایه‌ن یان گه‌شتیاریی لێوه نایه‌ت، رێوشوێنی پێویست و رێكار نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ به‌رگرتن له مه‌ترسییه‌كانی كۆرۆنا".
زیاتر تیشكی خسته سه‌ر، "ئێمه د‌رك به مه‌ترسی ئه‌و نه‌خۆشییه ده‌كه‌ین كه ئێسته دنیای سه‌رقاڵ كردووه، بۆیه داوا له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتی ته‌ندروستی دیاله ده‌كه‌ین رێوشوێنی پێویست بۆ به‌رگرتن له‌و نه‌خۆشییه و له‌و دوو مه‌رزه‌ی ناوچه كوردستانییه‌كانی سنووری دیاله بگرێته‌به‌ر".
به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانی ئازاد حه‌مید، ئێران مه‌ترسی نه‌خۆشییه‌كه‌ی زیاتر له‌سه‌ره تا عێراق و هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئێران له پاش گه‌مارۆكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ری، زیاتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ چین ده‌كات.
پێویسته بگوترێ له نێوان ئه‌و دوو مه‌رزه و سنووری ئیداره‌ی گه‌رمیان، هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كی ته‌ندروستی تایبه‌ت به پشكنینی ئه‌وانه نییه له ده‌روازه‌كه دێنه ژووره‌وه.
شه‌رمین عه‌لی به‌رپرسی راگه‌یاندنی مه‌رزی په‌رێزخان و شاره‌زای كارگێڕی، بۆ "وشه" ده‌ڵێت، دانانی بنكه‌ی پشكنینی ته‌ندروستی له مه‌رزه‌كان ده‌بێت نه‌ك نێوان شاره‌كان، بۆیه له په‌روێزخان بنكه‌ی پشكنینی 24 سه‌عاته كار پێ ده‌كه‌ن تا هه‌ر كه‌سێك دێت پشكنینی بۆ بكرێت.
لای خۆیه‌وه حه‌سه‌ن عه‌لی شاره‌زای ئابووری له گه‌رمیان، بۆ "وشه" دووپاتی كرده‌وه، تا گه‌مارۆی ئابووری ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر ئێران به‌هێزتر بێت و پێوه‌ندی ئێران و چین زیاتر په‌ره بستێنێ له رووی بازرگانییه‌وه، مه‌ترسی ئه‌و نه‌خۆشییه بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق زیاتر ده‌بێ.
ئه‌و گوتی، هاتنی گه‌شتیار له ئێرانه‌وه بۆ عێراق بۆ بۆنه‌كانی شیعه به‌رده‌وامه، بۆیه ئه‌و پێویستییه هاتووه‌ته كایه‌وه كه رێوشوێنه‌كان له‌و ده‌روازانه توندوتۆڵ‌تر بكرێن.
به‌دواداچوونی/ سه‌بری هۆرێنی