ئەنجامی پشكنینەكانی پەرلەمانتاران دەرچوو

:: AM:08:28:10/06/2020 ‌
كارمەندێكی پەرلەمانی كوردستان لە دیوانی سەرۆكایەتی پەرلەمان تووشی كۆرۆنا بوو ئەوەیش وایكرد دانیشتنەكەی دوێنێ‌ كە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فڕاكسۆنەكان بوو دوابخرێت و پشكنین بۆ پەرلەمانتاران ئەنجام بدرێت، بەشێك لە پشكنینەكان دەرچوو.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، بەپێی زانیارییەكان بە "وشە" دراون، دوای تووشبوونی فەرمانبەرێكی پەرلەمان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لیژنەیەكی تەندروستی سەر بە وەزارەتی تەندروستی سەردانی پەرلەمانی كردووە و 200 نموونەی وەرگرتووە و ئەنجامی 100 پشكنین بە پەرلەمانی كوردستان دراوەتەوە و نێگەتیڤ دەرچووە.

ئەو كەسەی تووشی كۆرۆنا بووە فەرمانبەری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە و دوای دەركەوتنی نیشانەكانی هەموو كارەكان لە پەرلەمان وەستنێراوە 



لە زانیارییەكان هاتووە، ئەو كەسەی تووشی كۆرۆنا بووە فەرمانبەری دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە و دوای دەركەوتنی نیشانەكانی هەموو كارەكان لە پەرلەمان وەستنێراوە و پشكنینەكانی ئەوكاتەی ئەو فەرمانبەرە دەركەوتووە هەڵگری ڤایرۆسەكەیە و پۆزەتیڤ بووە.

باس لەوەشكراوە، کاتژمێر 11 نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەزارەتی تەندروستی ئەنجامی پشكنینی 100 پەرلەمانتار و ڕاوێژكار و فەرمانبەری بە پەرلەمان دەداتەوە، هەروەها شەوی ڕابردووش باڵەخانەی پەرلەمانی كوردستان دەرمانڕێژكراوە بۆ لەناوبردنی ئەو ڤایرۆسە.

دوێنێ‌ محێدین حەسەن سەرۆكی‌ فراكسیۆنی‌ ئازادی‌ لە پەرلەمانی‌ كوردستان بە "وشە"ی‌ راگەیاند، كۆبوونەوەی‌ سەرۆكی‌ فراكسیۆنەكان ئامادەكاری‌ تەواوی‌ بۆ كرابوو تەنیا فراكسیۆنی‌ كۆمەڵ كە پێشتر رایان گەیاندبوو بەشدار نەبوون.

ڕوونی كردەوە كە دواخستنی‌ كۆبوونەوەكە بۆ هەفتەی‌ داهاتوو پێوەندی‌ بە چەند هۆكارێك هەبوو كە بەشێكی‌ پشكنینی‌ كۆرۆنا و بەشێكی‌ تریش هێشتا پێویستە پێوەندی‌ نێوان فراكسیۆنەكان باشتر بكرێ‌.





وشە - رامیار جەواد