ئه‌مه‌ریكا: عێراق داواى قه‌رزى له‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌

:: AM:09:54:10/06/2020 ‌
راوێژكارێكى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ئه‌مه‌ریكا ئاشكراى كرد، عێراق داواى قه‌رزى له‌ بانكى نێوده‌وڵه‌تى كردووه‌ و له‌م بابه‌ته‌یش ئه‌مه‌ریكا پاڵپشتى عێراق ده‌كات.

ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى عێراقى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م لێدوانێكى گابریێل سۆماى بڵاو كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌ندامى نووسینگه‌ى راوێژكارانى دۆناڵد تره‌مپه‌.

ئه‌مه‌ریكا له‌ پێدانى قه‌رز هاوكارى عێراق ده‌كات
 
گابریێل گوتوویه‌تى، "عێراق داواى قه‌رزى له‌ بانكى ناوه‌ندى كردووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا پشكدارێكى گه‌وره‌ى ئه‌م بانكه‌یه‌، بۆیه‌ هاوكارى عێراق ده‌كات له‌ پێدانى پاره‌".

 راوێژكاره‌كه‌ دووپات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌ رووى سیاسییه‌وه‌ ده‌یه‌وێ بزانێ حكوومه‌تى عێراق له‌گه‌ڵ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى ئه‌مه‌ریكایه‌ له‌ عێراق یان نا، باس له‌وه‌یش ده‌كات هێشتا نزیكه‌ى 10 هه‌زار چه‌كدارى داعش له‌ عێراق ماون، بۆیه‌ داعش هێشتا هه‌ڕه‌شه‌یه‌ له‌سه‌ر عێراق.

گابریێل ده‌ڵێ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كیشى تریش له‌سه‌ر عێراق، ئه‌و میلیشیایانه‌ن كه‌ له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌ هاوكارى ده‌كرێن.

بڕیاره‌ ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانى عێراق له‌ دانیشتنێك تاوتوێى قه‌رزى دارایى بكات و رێ به‌ وه‌زیرى دارایى عێراق بدات بۆ ئه‌وه‌ى له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ قه‌رز بكات تا ته‌نگژه‌ى دارایى چاره‌سه‌ر بكات.





وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل