دوكانێكى زێڕنگری..
نرخی زێڕ له بازاڕه‌كانی دنیا له به‌رزبوونه‌وه‌دایه و دوای ئه‌وه‌ی له مانگه‌كانی كانوونی دووه‌م و شوباتی ئه‌مساڵ جێگیر بووبوو، دوو مانگه به خێرایی ڕووی له به‌رزبوونه‌وه كردووه.
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ به واتای به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های سه‌رجه‌م جۆره‌كانی زێڕه
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 10ی حوزه‌یران، سه‌رباز فه‌رهاد باڵه‌كی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی زێڕنگران و خاوه‌نی زێڕنگری سه‌رباز به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، ئه‌مڕۆ پێنج هه‌زار له نرخی زێڕ به‌رز بووه‌ته‌وه و به‌رزبوونه‌وه‌كه‌یش چاوه‌ڕوانكراو بوو.
زیاتر گوتی، نرخی یه‌ك ئۆنس زێڕ له بازاڕه‌كانی كوردستان به هه‌زار و 720 دۆلاری ئه‌مه‌ریكییه، هۆكاری ئه‌و به‌رزبوونه‌وه‌یش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه دوای هه‌شت ساڵ نرخی یه‌ك مسقاڵ زێڕ گه‌یشته‌وه 300 هه‌زار دینار. ئێسته بۆ سێ هۆكار ده‌گه‌ڕێته‌وه.
بۆ هۆكاری یه‌كه‌م ڕوونی كرده‌وه، بۆرسه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له دابه‌زیندان، ئه‌گه‌ر پشكه‌كانی بۆرسه‌ی ئه‌مه‌ریكا نزم بوونه‌وه، ئه‌وا نرخی زێڕ به‌رز ده‌بێته‌وه. هۆكاری دووه‌م، نرخی زێڕ پێوه‌سته به ئاڵۆزییه‌كانی دنیاوه كه ئێسته له ڕووی سیاسی و ئابووری ته‌واو شڵه‌قاوه. هۆكاری سێیه‌م، ئه‌گه‌ر نرخی نه‌وت زیاتر دابه‌زێت، ئه‌وا نرخی زێڕ زیاتر به‌رز ده‌بێته‌وه، زۆر جاریش به پێچه‌وانه‌وه ده‌بێت.
به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی زێڕ به واتای به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های سه‌رجه‌م جۆره‌كانی زێڕه له بازاڕه‌كانی دنیا، له بازاڕه‌كانی كوردستانیش ماوه‌ی دوو مانگه نرخی زێڕ هه‌ڵكشاوه.
له شاری هه‌ولێر زیاتر له 660 دوكانی زێڕنگر هه‌ن، له هه‌رێمی كوردستان به‌گشتی به‌شێك له هاووڵاتییان بۆ دابینكردنی بژێوییان سوود له‌و زێڕه وه‌رده‌گرن كه هه‌ڵیانگرتووه و به باشترین كاڵا بۆ سه‌رده‌می ته‌نگانه هه‌ژمار ده‌كرێت، ئێسته ده‌ستیان به فڕۆشتنی كردووه.