هیچ بڕیارێک لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ و کەرەنتین نەدراوە

:: AM:10:42:10/06/2020 ‌
لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی كەرەنتین و قەدەغەی هاتوچۆ بۆ چەند ڕۆژێك بڵاو كراوەتەوە و سەرچاوەیەكی باڵاش ئاشكرای دەكات، هیچ گفتوگۆیەك لەسەر ئەو بابەتە نەكراوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 10ـی حوزەیران، سەرچاوەیەكی باڵا بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكەینەوە كە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی كەرەنتینی گشتی و قەدەغەی هاتوچۆوە گوتراوە.

تا ئێستەیش هیچ شتێك لەسەر ئەو بابەتە باس نەكراوە، بەڵكو ئەوەی هەیە دەبێت هاووڵاتییان هان بدرێن خۆیان بپارێزن
ئەو سەرچاوەیە گوتی، بۆ قەدەغەی هاتوچۆ و كەرەنتینی گشتی، پێویستی بە گفتوگۆی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی و ژووری ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگاكان هەیە، تا ئێستەیش هیچ شتێك لەسەر ئەو بابەتە باس نەكراوە، بەڵكو ئەوەی هەیە دەبێت هاووڵاتییان هان بدرێن خۆیان بپارێزن.

هێمن قادر جێگری پارێزگاری هەولێر و گوتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنەكانی هەولێر بە میدیاكانی ڕاگەیاند، تا ئێستە لەسەر قەدەغەی هاتوچۆ گفتوگۆ نەكراوە، ئەوەشی هەیە ئەو بڕیارە پێویستی بە كۆبوونەوەی وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی تەندروستی هەیە.

جێگری پارێزگاری هەولێر گوتی، ئێمە دەمامكمان بە خۆڕایی بەسەر شوێنەكان دابەش كردووە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن و داواش لە هاووڵاتییان دەكەین دەمامك بەكار بهێنن.




وشە - رامیار جەواد