ئه‌مڕۆ شه‌شه‌م ساڵوه‌گه‌ڕى كه‌وتنى مووسڵه، ئه‌و كه‌وتنه‌ى كه به گه‌وره‌ترین كاره‌سات له مێژووى عێراق داده‌نرێت، شه‌ش ساڵه خه‌ڵك باجه‌كه‌ى ده‌دات و كاره‌ساته‌كه به‌رده‌وامه، تا ئێسته‌یش تیرۆریستان له عێراق ماون و به‌رپرسانى كه‌وتنى مووسڵیش لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه.
به‌ره‌به‌یانى سێشه‌م رۆژى 10ى حوزه‌یرانى ساڵى 2014 له كاتێكدا خه‌ڵك له مووسڵ له دژى حكوومه‌ت ناڕه‌زاییان ده‌رده‌بڕى، مووسڵ له‌لایه‌ن داعشه‌وه داگیر كرا. خه‌ڵكى شاره‌كه ئێسته‌یش باس له‌وه ده‌كه‌ن هه‌رگیز پێشبینییان نه‌ده‌كرد شاره‌كه‌یان بكه‌وێته ده‌ست تیرۆریستى داعش.
ئه‌وان ده‌ڵێن راسته چه‌ند رۆژێك بوو له ده‌ره‌وه‌ى مووسڵ به تایبه‌تى له به‌ره‌ى رۆژئاواى شاره‌كه ورده پێكدادان له نێوان هێزه عێراقییه‌كان و تیرۆریستانى داعش هه‌بوو، به‌ڵام چاوه‌ڕوانى ئه‌وه نه‌ده‌كرا چه‌ند تیرۆریست كه ژماره‌یان نه‌ده‌گه‌یشته هه‌زار كه‌س مووسڵ بگرن كه به دووه‌م گه‌وره‌ترین شارى عێراق داده‌نرێت، گرنگییه‌كى مێژوویى و ئابوورى و ستراتیجى له‌و وڵاته‌دا هه‌یه.
تا ئێسته لێكۆڵینه‌وه له‌گه‌ڵ نوورى مالیكى نه‌كراوه كه له كه‌وتنى مووسڵ تۆمه‌تباره
جیا له‌وه‌یش مووسڵ به ده‌روازه‌ى شكسته‌كانى عێراق داده‌نرێت له به‌رده‌م رێكخراوى تیرۆریستى داعش، چونكه دواتر چه‌ندان شوێنى تر كه‌وتنه ده‌ست رێكخراوه تیرۆریستییه‌كه. رۆژنامه‌ى "عه‌ره‌بى جه‌دید" ئه‌مڕۆ له راپۆرتێكدا له‌سه‌ر زارى به‌رپرسێكى عێراقى باسى له زیانه‌كانى كه‌وتنى مووسڵ و شوێنه‌كانى تر‌ى عێراق كردووه، له‌وانه 300 هه‌زار كوژراو و بریندار هه‌بووه، 30 هه‌زار بێسه‌روشوێن، ئاواره‌بوونى شه‌ش ملیۆن كه‌س، كاولبوونى 48 شار و شارۆكه و شاره‌دێ. وێڕاى كاریگه‌رى نه‌رێنێ كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و ئابوورى و ته‌ناهییه‌كه‌ى، زیانى مادى داگیركردنى مووسڵ و ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق به زیاتر له 100 ملیار دۆلار مه‌زنده ده‌كرێت.
به‌گوێره‌ى هه‌مان راپۆرتى رۆژنامه‌ى
"عه‌ره‌بى جه‌دید" تا ئێسته 40% ئاواره‌كانى مووسڵ نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه سه‌ر زێدى خۆیان، هۆكاریش كاولبوونى خانووه‌كان و نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و پێشێلكارى ئه‌و میلیشیایانه‌یه كه دواى رزگاركردنى مووسڵ له شاره‌كه دانراون و به‌گوێره‌ى خواستى تایفه‌گه‌رى سته‌م له پێكهاته جیاوازه‌كانى مووسڵ ده‌كه‌ن.
هه‌رچه‌نده له مانگى ته‌مووزى ساڵى 2017 مووسڵ به هاوكارییه‌كى سه‌ره‌كى پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانان رزگار كراوه، كه‌چى تا ئێسته حكوومه‌تى عێراق كارێكى ئه‌وتۆى نه‌كردووه تا تۆزێك ئازارى خه‌ڵكى شاره‌كه كه‌م بكاته‌وه.
به‌گوێره‌ى راپۆرته رۆژنامه‌وانییه‌كان، تا ئێسته لاشه‌ى مردووان له ژێر خانووه رووخاوه‌كان ماون، جیا له‌وه‌یش خه‌ڵكه‌كه له بارودۆخێكى ئابوورى سه‌ختدان. ئه‌وه‌ى به‌لاى خه‌ڵكه‌وه له هه‌موو شته‌كان گرنگتر بێت، دادگایى به‌رپرسانى تۆمه‌تبار لهكهوتنى مووسڵ و ریشه‌كێشكردنى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه كه هێشتا ئه‌م دوو ئامانجه نه‌كراون.
له‌باره‌ی خواستى یه‌كه‌م، ماوه‌ى چه‌ند ساڵێكه دۆسیه‌ى كه‌وتنى مووسڵ له‌لای په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عێراقه، به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى عه‌ره‌بى جه‌دید نوورى مالیكى كه ئه‌وكات سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق بوو له‌گه‌ڵ 35 به‌رپرسى تر، تۆمه‌تبارن له كه‌وتنى مووسڵ، كه‌چى تا ئێسته ئازادن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كراوه.
بۆ خواستى دووه‌میش كه رێشه‌كێشكردنى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه، به پێچه‌وانه‌ى رۆژانى دواى رزگاركردنى مووسڵ، ئێسته رێكخراوى تیرۆریستى داعش له هه‌موو كاتێك له عێراق به‌هێزتره، به‌رپرسێكى ئه‌مه‌ریكى ئه‌مڕۆ له لێدوانێكدا كه ماڵپه‌ڕى به‌غداد توده‌ى بڵاوى كردووه‌ته‌وه، گوتوویه‌تى زیاتر له 10 هه‌زار تیرۆریستى داعش له عێراق ماون.
كازمى هۆشدارى ده‌دات له‌وه‌ى هه‌ڵه‌ى كه‌وتنى مووسڵ دووباره نه‌كرێته‌وه
هه‌روه‌ها له مووسڵ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى چه‌ند سه‌ربازگه‌یه‌كى خۆى چۆڵ كردووه، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراق بووه، بۆیه به كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى له مووسڵ و ناوچه‌كانى تر مه‌ترسییه‌كانى داعش زیاتر ده‌بێت. هه‌ر ئه‌مه‌یش وای له مسته‌فا كازمى سه‌رۆك حكوومه‌تى عێراق كردووه هۆشدارى له دووباره‌بوونه‌وه‌ى هه‌ڵه‌كانى رابردوو بدات.
نووسینگه‌ى سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراق له راگه‌یه‌نراوێك كه ئه‌مڕۆ بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئاشكراى كردووه كه مسته‌فا كازمى له‌گه‌ڵ فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانى مووسڵ كۆ بووه‌ته‌وه و گوتوویه‌تى، نابێت هه‌ڵه‌كانى رابردوو دووباره بكرێنه‌وه. مسته‌فا كازمى باسى له‌وه كردووه گه‌نده‌ڵى و خراپى به‌ڕێوه‌بردن هۆكارى كاره‌ساته‌كانى رابردوو بوون، له‌باره‌ی پرۆسه‌ى ئازاكردنى مووسڵیش كازمى گوتوویه‌تى هه‌موو لایه‌ك به‌شدارییان له رزگاركردنه‌كه كردووه.
-رێكخراوى تیرۆریستى داعش له 10 ى حوزه‌یرانى 2014 مووسڵى داگیر كرد.
-100 هه‌زار خێزان ئاواره‌ى هه‌رێمى كوردستان بوون.
-40 هه‌زار كه‌س له ناو مووسڵ به‌هۆى داگیركارییه‌كه‌ى داعش كوژراون.
-له پێنجى ته‌مووزى ساڵى 2014 ئه‌بوبه‌كرى به‌غدادى تیرۆریست له مزگه‌وتى نوورى خه‌لافه‌تى تیرۆریستانى راگه‌یاند.
-له 10ى ته‌مووزى ساڵى 2017 به به‌شدارییه‌كى كاریگه‌رى پێشمه‌رگه ده‌سه‌ڵاتى داعش رووخا.
-زیاتر له 10 هه‌زار شوێن و باڵه‌خانه له مووسڵ رووخاون.
-له جێیه رووخاوه‌كان، زیاتر له هه‌شت هه‌زاریان شوێنى نیشته‌جێبوونن.