بڕینی مووچە لە عێراق ناڕەزایەتی توندی لێ دەكەوێتەوە

:: PM:04:07:10/06/2020 ‌

عێراق بە تەنگژەیەكی سەختی دارایی و ئابووریدا تێپەڕ دەبێت و هۆكارەكەیشی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لێكەوتەكانی و دابەزینی نرخی نەوتە كە سەرچاوەی داهاتی عێراقە، حكوومەتی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دۆخە چەند رێوشوێنێكی وەرگرت، لەوانە بڕینی بەشێك لە مووچەی پلە باڵاكان و خانەنشینان، دواتر سەپاندنی باج بەسەر مووچە بە گشتی، ئەوانە جیا لە ناڕەزایەتی خەڵك، ناڕەزایەتی پەرلەمانتارانیشی لێ كەوتەوە.
بۆ لەمەودوا باج بەسەر مووچە دەسەپێندرێت
حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم گوتی، ئەو بڕینەی مووچەی خانەنشینان، نایاسایی و نادەستوورییە و پێشێلكاری یاسای یەكگرتووی خانەنشینییە، چونكە ئەو بڕینە بێ بوونی بڕیارێك لە ئەنجوومەنی وەزیران و دەنگدانی پەرلەمان لەسەری، ئەو كارە ناكرێت.

روونی كردەوە، تا ئەوساتەیش ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هیچ بڕیارێكی لەوبارەوە نەداوە و نەگەیشتووەتە پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەری و هەموواركردنەوەی یاسای یەكگرتووی خانەنشینی، بۆیە هەڵوێستمان بەرانبەر بەو هەنگاوە دەبێت لە رێگەی مێوانداریكردنی سەرۆكی دەستەی خانەنشینی و بەرپرسانی پێوەندیدار بێت بەو بابەتەوە. 

ئەمڕۆ بانكی رافیدەین دابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی راگەیاند، لەوكاتەی ژمارەیەك خانەنشینی سەربازی و مەدەنی ئاشكرایان كرد كە بەشێكی مووچەكەیان بڕدراوە، ئەوە هاوكات هەردوو لیژنەی ئابووری و چاودێری جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەت لە پەرلەمانی عێراق رایان گەیاند كە بڕینی رێژەیی لە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان رەت دەكەنەوە و ئاماژەیان كرد كە حكوومەت بەو هەنگاوەی پێشێلكاری یاسایی و دەستووری ئەنجام داوە. 

مەیادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری گوتی، وەك ئەندامانی لیژنەكە ئەو بڕینەی مووچە رەت دەكەنەوە و داوای گرتنەبەری چارەسەری تر دەكەین بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی دارایی، لەوكاتەی كازم حەمامی، ئەندامی لیژنەی چاودێری بەرنامەی حكوومەت روونی كردەوە، ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران لە 7ی ئەم مانگە دەرچووە، پێشێلی چەند مادەیەكی دەستووری كردووە سەبارەت بە دەسەڵاتەكان، وای لێ هاتووە ئەنجوومەنی وەزیران خۆی بڕیار دابنێت و جێبەجێشی بكات. 

ئەوە لەوكاتەی حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد بە لادانی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی، بەهۆی رێزنەگرتن لە رۆڵی پەرلەمان و بەفیڕۆدانی مافەكانی گەلی عێراق.

لای خۆیەوە مەهەر محەمەد ساڵح، راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی رای گەیاند كە پێشنیازەكانی بڕینی مووچە هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام بۆ لەمەودوا باجی داهات لە مووچە وەردەگیرێت بە رێژەی دیاریكراو، ئەو وەرگرتنەیش ئەوانە ناگرێتەوە مووچەیان لە 500 بەرەو خوارەوەیە، باجەكەیش لەم مانگەوە لە تەواوی مووچەكە دەگیڕدرێتەوە نەوەك تەنیا لە مووچەی بنەڕەتی، رێژەكەیش لە نێوان 10-15%یە.





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل