پەرلەمانی عێراق بڕینی مووچە رەت دەكاتەوە

:: PM:04:24:10/06/2020 ‌

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی، چەند بڕیارێكی پێوەست بە كەمكردنەوە و بڕینی مووچەی دا، سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق بە حكوومەتی رای گەیاند كە ئەو بڕینەی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان  رەت دەكەنەوە.
داوای لادانی بریكاری وەزارەتی دارایی دەكرێت
حەسەن كەعبی، جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، بە عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری دارایی و خالد بەتال، وەزیری پلاندانانمان، لە میانەی مێوانداریكردنیان لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دارایی لە پەرلەمان راگەیاندووە، كە پەرلەمان بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان رەت دەكاتەوە.

ئاماژەی كرد، ئەو رێوشوێنانەی حكوومەت لەو بارەوە وەری گرتوون پێشێلی یاساكانە و هیچ بنەمایەكی یاسادانانیان نییە، لەوكاتەی ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق داوای لادانی تەیف سامی، بریكاری وەزارەتی دارایی عێراقی كرد، بەهۆی رێز نەگرتن لە رۆڵی پەرلەمان و بەفیڕۆدانی مافی گەلی عێراق. 

لای خۆیەوە حەسەن شاكر، سەرۆكی فراكسیۆنی بەدر لە پەرلەمانی عێراق بەرهەڵستی فراكسیۆنەكەی بۆ ئەو بڕیارەی حكوومەت راگەیاند و چەند پێشنیازێكی كرد بۆ چارەسەركردنی تەنگژەكە، ئەو داوای لە حكوومەت كرد كار لەسەر كۆنترۆڵی دەروازە سنوورییەكان و وەرگرتنی باج لەسەر كەرتی بازرگانی و گەشتیاری و هێنانەوە پارە گلدراوەكان لە دەرەوەی وڵات بكات.   






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل