عێراق.. ئاماری مردن و تووشبوون بە كۆرۆنا لە هەڵكشانە

:: PM:04:49:10/06/2020 ‌

لەوكاتەی ئامارەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە سەرانسەری دنیا روو لە هەڵكشانە و بە پێی نوێترین ئامار ژمارەی تووشبوون، گەیشتووەتە سەرووی حەوت ملیۆن و 456 هەزار حاڵەت و مردنیش لە 415 هەزار نزیك دەبێتەوە، وەزارەتی تەندروستی عێراق تۆماركردنی 34 حاڵەتی مردن و 1146 حاڵەتی نوێی تووشبوونی لە 24 سەهاتی رابردوو راگەیاند.
ئاماری تووشبوون لە عێراق گەیشتووەتە 15414 حاڵەت
بەپێی راپۆرتی رۆژانەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو لە تاقیگە تایبەتەكانی عێراق بە پشكنینی پەتای كۆرۆنا،  7835 پشكنین ئەنجام دراوە و 1146 حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمار كراوە كە 483ی لە بەغدایە و 113 لە سلێمانی و 101 لە نەجەف و 99 لە زیقاڕ و 73 لە بابل و 62 لە بەسڕە و 60 لە هەولێر و 37 لە واست و 34 لە میسان و 17 لە كەركووك و 14 لە دیالە و 11 لە سەڵاحەدین و شەش لە ئەنبار و چوار لە نەینەوا و دوو لە دهۆكن. 

بەپێی راپۆرتەكە لەو ماوەیە 383 چاكبوونەوە هەیە چواریان لە هەولێرن، 34 حاڵەتی مردنیش هەیە دوویان لە سلێمانین، كۆی تووشبوون لە عێراق گەیشتووەتە 15414 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 6214 حاڵەتە و مردنیش گەیشتووەتە 426 حاڵەت.

ئەمڕۆ چوارشەم وەزارەتی تەندروستی هەرێم رای گەیاند لە 24 سەعاتی رابردوودا دوو حاڵەتی مردن و 171 تووشبوونی نوێیان تۆمار كردووە، و كۆی گشتی توشبوون لە هەرێم گەیشتووەتە 1637 حاڵەت و 30 مردن.      





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل