ئەستەمە ئەمساڵ هیچ پێشانگەیەكی نێودەوڵەتیی بەڕێوە بچێت

:: PM:04:58:10/06/2020 ‌
ساڵانی رابردوو لە هەولێری پایتەخت چەندان پێشانگەی نێودەوڵەتیی دەكرانەوە، بەڵام ئەمساڵ لە ژێر كاریگەریی كۆرۆنا چالاكییەكانی ئەم پێشانگەیە وەستاون و بەڕێوەبەرەكەشی دەڵێ چاوەڕوانی باشبوونی دۆخەكە دەكەن.

ساڵی رابردوو لەگەڵ ئاساییبوونەوە و باشتربوونی باری دارایی كوردستان، كۆمەڵێك پێشانگەی نێودەوڵەتیی لە هەولێر كرانەوە و پلان هەبوو ئەمساڵیش لە زۆربەی مانگەكانی ساڵدا پێشانگە بەڕێوە بچن، بەڵام كۆرۆنا رێگر بووە لە بەڕێوەبردنیان.

سۆران قادر بەڕێوەبەری پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هەر لەم مانگی شەشدا دەبوو پێشانگەیەك بكرێتەوە، بەڵام كۆرۆنا هەڵیوەشاندەوە و لە مانگەكانی ئاب، ئەیلوول، تشرینی یەكەم و دووەم و كانوونی یەكەمی ئەمساڵیش پلان بۆ بەڕێوەبردنی پێشانگەی جیاواز دانراوە و ئەگەر دۆخەكە هەروا بەردەوام بێت، ئەوا ئەستەمە هیچ كامێكیان بەڕێوە بچن.

وەك ئەو بەڕێوەبەرە خستیەڕوو، لەگەڵ كۆمپانیاكانی دنیا لە پێوەندیدان و هێشتا هیچ كام لەو كۆمپانیایانەی رۆڵیان هەیە لە بەڕێوەبردن و بەشداریكردن لە پێشانگەكان، بە فەرمی داوای ئەوەیان نەكردووە هەڵبوەشێنەوە.

پێویستە بگوترێ بەشێك لە رووبەری پێشانگەكە بۆ چاودێری نەخۆشانی كۆرۆنا تەرخان كراوە و خێوەتی تایبەتییان لێ هەڵدراوە و ئامێری تایبەتی پزیشكییان لێ دانراوە، ئەوەش بۆ حاڵەتێك كە كۆرۆنا زۆر تەشەنەی سەند و نەخۆشخانەكان نەیانتوانی نەخۆش وەربگرن.
هێشتا هیچ نەخۆشێك بۆ شوێنی پێشانگەكە نەهێنراون

وەك ئەو بەڕێوەبەرەی پێشانگەكە ئاماژەی دا، هێشتا هیچ نەخۆشێك بۆ شوێنی پێشانگەكە نەهێنراون و ئاواتیشی خواست كۆتایی بە كۆرۆنا بێت و ئەوانیش دەست بەچالاكییەكانی خۆیان بكەنەوە.

ئەو دۆخەی هاتووەتە پێش تایبەت نییە بە كوردستان و لە هەموو وڵاتان كاریگەریی دروست كردووە، تەنانەت ئۆڵمپیكی ژاپۆنیشی دواخست كە دەبوو ئەمساڵ بەڕێوە بچێت.



وشە - سلێمان تاشان