گفتوگۆی بەغدا و واشنتن.. ئەو سیناریۆیەی بۆ كازمی سەركەوتنە

:: PM:06:10:10/06/2020 ‌

بڕیارە لە ماوەی كەمی داهاتوو گفتوگۆی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا دەست پێ بكات، لە پێكهاتەكانی عێراق لایەنە شیعەكان ئەو بابەتەیان بە هەستیاری وەرگرتووە و مەرج و رێنوێنی بۆ حكوومەتی عێراق دووپات دەكەنەوە كە لایەنی گفتوگۆكارە، پەرلەمانتارێكی كورد ئاماژە دەكات، ئەمەریكا و ئێران دوو هێزی كاریگەرن لە عێراق، بەڵام عێراق ناتوانێت رووبەڕووی گوشارەكانی ئەمەریكا ببێتەوە.
رەنگە ئەنجامەكان یەكلا كرابنەوە
جەمال كۆچەر، ئەندامی كورد لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم لە سەروبەندی دەست پێكردنی گفتوگۆكانی عێراق و ئەمەریكا بۆ "وشە"ی روون كردەوە، دەتوانین پڕسارێك بكەین، ئاخۆ عێراق ئازادە لەم گفتوگۆیە؟، لە رووی كردنی و نەكردنی و كات و چۆنیەتی ئەنجامدانی، پێویستە ئەوە بزانرێت، ئەو بابەتە بەسەر عێراق سەپێنراوە، كە ئەمەریكا دەڵێت دەبێت گفتوگۆ بكەین و بڕیاری كۆتایی سەبارەت بە مانەوە و نەمانەوەی هێزەكانمان بدەین، چەند بمێنینەوە و مانەوە چۆن دەبێت؟، بۆیە ئەوە ئەمەریكا هاتووە و ئەوەی دەوێت.

زیاتر گوتی، ئەمەریكا پێشتر لە كاتی راسپاردنی مستەفا كازمی، بە كورد و سوننە و شیعەكانی گوتبوو، كازمی نەبێتە سەرۆك وەزیر، دوای ئەوە گلەیی نەكەن كە چی روودەدات، ئێستەیش لەبارەی ئەو گفتوگۆیە هەروایە، واتە عێراق داوای گفتوگۆی نەكردووە، بەڵكو مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە رێگەی باڵوێزی ئەمەریكا ئەو داوایەی كردووە، واتە لیژنە دروست بكەن و لەگەڵ یەكتر دابنیشن، گفتوگۆ بكەن و رەنگە ئەنجامەكانیش یەكلا كرابنەوە.

ئەو پەرلەمانتارە زیاتر روونی كردەوە، ئێران و زۆرینەی میلیشیاكانی سەر بە هێزە سیاسییەكانی شیعە بەو گفتوگۆیە رازی نین، بەگشتی زۆری نەماوە بۆ دەست پێكردنی گفتوگۆكە و ئەوكات دیاردەكەوێت كە كامیان لە عێراق سەركەوتوو دەبێت، سیاسەتی ئێران یان ئەمەریكا، پێم وایە ئەو ئێرانەی جاران نەماوە، كاتێك قاسم سلێمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس دەهات و كەس باسی ڤیزەی نەدەكرد، كەچی كاتێك ئیسماعیل قائانی، شوێنگرەوەی هات، بە فەرمی ڤیزەی پێ درا، بۆیە ئێران هێز و كاریگەری پێش ئێستەی نەماوە، ئەوكاتەی سلێمانی كۆنترۆڵی بەسەر بەشێك لە هێزە سیاسییەكان هەبوو، ئەوە نەما.

كۆچەر روونی كردەوە، خاڵێكی تر، دوای خۆپێشاندانەكان، میلیشیاكانی عێراق ئەو هێز و پاڵپشتییە جەماوەرییەی جارانیان نەماوە، سێیەم هاوكێشەی هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕاوە، بۆ نموونە لە لیبیا و سووریا، لە لیبیا سیاسەتی ئەمەریكا سەری گرت و تەرازووی هێز لە بەرژەوەندی ئەو یەكلا بووەوە، بۆیە ناوچەكە روو لە گۆڕانكارییەكی ریشەیی دەكات و لەو باوەڕەم ئەمەریكا بەئاسانی ئەو ناوچەیە چۆڵ ناكات.

لای خۆیەوە ئینتفاز قەنبەر، سیاسەتوانی عێراقی نزیك لە واشنتن دەڵێت، بوونی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق لە بەرژەوەندی عێراقە، چونكە یارمەتی عێراق دەدات دژ بە داعش، هۆكاری دووەم ئەمەریكا خاڵی بەهێزی ئەو هاوپەیمانیەتییەی دژ بە داعشە، ئەگەر ئەمەریكا پاشەكشە بكات، ئەوانیتر دەكشێنەوە، ئەوكات داعش دێتەوە، بۆیە ئەوەی باس دەكرێت كە بوونی ئەمەریكا لە سەروەری عێراق كەم دەكاتەوە، وا نییە، هێزەكانی ئەمەریكا لە زۆرێك لە وڵاتان هەیە، بە پێچەوانەوە ئەگەر ئەمەریكا بڕوات سەروەری عێراق لەلایەن داعشەوە پێشێل دەكرێت.

قەنبەر لەبارەی گفتوگۆكانی بەغدا و واشنتن روونی كردەوە، لایەنی ئەمەریكی لەو گفتوگۆیە دەیەوێ بگاتە ئەنجامێكی روون سەبارەت بە رێككەوتن لەسەر شێوەی مانەوەی هێزەكانی لە عێراق، بەڵام لایەنی عێراق ئەامانجەكانی روون نییە، چونكە حكوومەتی عێراق دوو هەڵوێستی هەیە، ئاشكرا دژی مانەوەی ئەمەریكایە و بەنهێنیش لەگەڵ مانەوەیە، ئەوەیش عێراق دەخاتە ناو كێشەیەكی گەورەوە، مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بۆ عێراق گرنگە و كێشەیەكی عێراقییە، لە 2011 ئەوكاتەی عێراق سووربوو لەسەر پاشەكشەی ئەمەریكا و هێزەكانی كشایەوە، راستەخۆ داعش دەركەوت، بۆیە ئەگەر هێزەكانی ئەمەریكا بوونیان هەبووایە، داعش نەیدەتوانی بێت.

قەنبەر دووپاتی كردەوە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پێوەندی باشی لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، هاوكات لەژێر ترس و كاریگەری میلیشیاكانی سەر بە ئێرانە، بۆیە پێم وایە لە رێگەی گفتوگۆكانەوە دەیەوێت ئاگربەست و هێوربوونەوە لە نێوان ئەوان ئەمەریكا بێنێتە ئاراوە، لەوەیش سەركەوتوو نابێت، چونكە لایەنی ئەمەریكی رژدە لە نەیاری بۆ میلیشیاكان بە مانەوە و نەمانەوەی لە عێراق، پێم وایە كازمی دەیەوێ هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق بمێننەوە، هەوڵی رازیكردنی هەردوولا دەدات و ئەوەیش ئەستەمە. كازمی دەیەوێ دۆخەكە هێور بكاتەوە و ئەگەر بتوانێت ئەوە بكات وەك سەركەوتنێك بۆخۆی دادەنێت، بەڵام میلیشیاكان رەنگە پابەندی بەڵێنەكانیان نەبن.  

دوێنێ هیشام داوود، راوێژكاری سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند، گفتوگۆی ستراتیجی بەغدا و ئەمەریكا زۆر گرنگە و هەموو كەرتەكان دەگرێتەوە نەوەك تەنیا تەناهی و سەربازی، گفتوگۆكە لەسەر ئاستی بریكاری وەزارەتەكان بەرەو خوارەوە دەبێت، چاوەڕوان دەكرێت چارەنووسی مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا یەكێك لە گرنگترین بابەتی گفتوگۆكان بێت.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل