پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر رەتكردنەوەی بڕینی مووچە دەدات

:: PM:07:01:10/06/2020 ‌

ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی عێراق بە بڕینی رێژەی 10-15% هاتە دابەشكردن، واتە ئەوانەی مووچەیان لە سەرووی 500 هەزارە، بڕینەكە دەیانگرێتەوە، ئەوەیش ناڕەزایەتی زۆری دروست كرد، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بڕیارێك دا بە رەتكردنەوەی بڕینی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بەهەر شێوەیەك بێت.
بڕیارەكە باسی رەتكردنەوەی سەپاندنی باجیش دەكات
بە پێی بەیاننامەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم لە دانیشتنی پێنجەمی وەرز و ساڵی دووەمی یاسادانان بە ئامادەبوونی 174 ئەندام، پەرلەمان دەنگی لەسەر بڕیارێك دا بە رەتكردنەوەی هەر بڕینێكی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، بڕیارەكە باسی رەتكردنەوەی سەپاندنی باجیش دەكات لەسەر مووچە، بەوپێیەی ئەو بڕیارە سێ سەرۆكایەتییەكە و وەزیر و پەرلەمانتاران و پلە تایبەتەكان نەگرێتەوە. 

هەر ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بڕیاری دا دەنگدان لەسەر پڕۆژە بڕیاری قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجە دوا بخات، داوایش لە لیژنەی دارایی كراوە كە تاوتوێی زیاتری پڕۆژەكە بكات، لەوكاتەی هەفتەی رابردوو خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە.

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی روونكردنەوەیەكی سەیارەت بە بڕینی مووچەی خانەنشینانی عێراق دا و لە بەیاننامەیەك ئاماژەی كرد، بەپێی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەوانەی مووچەیان 600 هەزارە بڕی 60 هەزار و ئەوانەیشی 700 هەزارە 77 هەزار و 800 هەزار بڕی 96 هەزار و 900 هەزار بڕی 117 هەزار و 950 هەزار بڕی 128 هەزار و ملیۆن بەرەو سەرەوە بە رێژەی 15%یان لێ بڕاوە.    





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل