"بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق كەمكردنەوەی مووچە ناوەستێنێت"

:: PM:08:35:10/06/2020 ‌

لەوكاتەی عێراق لە تەنگژەیەكی سەختی داراییدایە، حكوومەتەكەی دەستی كردووە بە دەستكاریكردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، ئەمڕۆ لەكاتی جێبەجێكردنی بڕیارەكە ناڕەزایی گەورەی لێ كەوتەوە و پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بڕیارێك دا بە رەتكردنەوەی كەمركدنەوەی مووچە، شارەزایەكی یاسایی و دەستووری كاریگەری رەتكردنەوەی پەرلەمان بۆ وەستاندنی بڕیارەكەی حكوومەت روون دەكاتەوە.
بڕیارەكەی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت
تارق حەرب، شارەزای یاسایی ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پەرلەمان دوو جۆر بڕیار دەردەكات، بڕیاری ئیداری پێوەست بە شێوازی كاری پەرلەمان یان پێوەست بە دۆخی گشتی، ئەوانە تایبەت بە پەرلەمانن و كێشەیان نییە، وەك پەكخستنی كاری پەرلەمان یان گواستنەوەی شوێنی دانیشتن، بەڵام بڕیارەكانی یاسا دانان ئەوە جیاوازە.

زیاتر گوتی، ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمان دەری كرد بڕیارێكی یاسادانان بوو، چونكە یاسایەكی بەركاری هەڵوەشاندەوە، فەرمانێكی حكوومەتی هەڵوەشاندەوە، ئەوە پێویستی بە یاسا هەیە، واتە بڕیاری پەرلەمان بەس نییە، پێشتریش لەبەردەم دادگای فیدراڵ ئەو بابەتە خراوەتە روو، بۆیە ئەو بڕیارێكی لەوشێوە پێوەست بە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێ نابێت، رەنگە لە رووی مەعنەوییەوە پابەندییەكی تیادا بێت، بەڵام پابەندی یاسایی و دەستووری نا، بۆیە بڕیارەكەی حكوومەت جێبەجێ دەكرێت، چونكە پەرلەمان بۆی نییە بڕیاری یاسادانان دەربكات و بە پێی دەستوور پابەندی جێبەجێكردنی تیادا نییە.

حەرب دووپاتی كردەوە، ئەوان دەبووایە سەرەتا پڕۆژەیاسایەكیان دانابووایە، كە بە هەفتەیەك تەواو دەبێت، بە هەڵوەشاندنەوەی دەقە یاساییەكانی باسی بڕینی مووچەی فەرمانبەر و خانەنشینان دەكات، چەند دانیشتنێك تاوتوێی دەكەن و دوای ئەوە دەنگی لەسەر دەدەن، ئەوكات حكوومەت نەیدەتوانی هیچ بكات، بۆیە ئەگەر پەرلەمان رژد بوایە دەیانكردە پڕۆژەیاسایەك و ئەمڕۆ بە دێرێك دەیاننووسی، "ئەو دەقە یاساییانەی سەبارەت بە بڕینی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەر و خانەنشینان هەڵدەوەشێتەوە"، خوێندنەوەیان بۆ دەكرد، بەڵام كێشە لە پەرلەمانتاران نییە، بەڵكو راوێژكارەكانیان ئەوانەیان پێ ناڵێن، روونی كردەوە، سەپاندنی باجی دەرامەتیش كە ئەمڕۆ بەسەر مووچەی خانەنشینان جێبەجێ كرا، جۆرێكە لە بڕینی مووچە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل