دوایین زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەی ستراتیجی عێراق و ئەمەریكا

:: PM:10:55:10/06/2020 ‌

بڕیارە سبەی پێنجشەم، یەكەم دانیشتنی گفتوگۆی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریكا لە بەغدای پایتەختی عێراق دەست پێ بكات و نوێنەری هەرێمی كوردستانیش لەو كۆبوونەوەیە بەشداری دەكات، نوێنەری حكوومەتی هەرێم لە بەغدا زانیاری زیاتر دەخاتە روو.
نوێنەری هەرێمیش تیایدا بەشدارە
فارس عیسا، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بە "وشە"ی راگەیاند، پێش نیوەڕۆی سبەی پێنجشەم، كۆبوونەوەی ستراتیجی لەنێوان عێراق و ئەمەریكا دەست پێ دەكات، كە لیژنەی تایبەتمەند لەسەر ئاستی حكوومەتی عێراق، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریكا پێكهاتووە.

زیاتر گوتی، گفتوگۆكە لەسەر هەموو ئاستەكان دەبێت، بە تایبەت لە بواری تەناهی و سیاسی و ئابووری و ئەو پرسانەی كە ئێستە بۆ عێراق گرنگ و پێویستی پێیەتی، روونی كردەوە، هەر سبەی پێنجشەم نوێنەری هەرێمی كوردستان دەگاتە بەغدا و بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەكات و هەر بڕیارێك بدرێت پێوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە دەبێت و هەرێم دەگرێتەوە.

شایەنی باسە بڕیارە گفتوگۆكان یەك رۆژ بخایەنێت و لە رێگەی بازنەیەكی تەلەڤزیۆنی داخراو بێت، لە نێوان هەردوو شاندی گفتوگۆكاری هەردوولا كە لەسەر ئاستی بریكاری وەزارەتەكان دەبێت و تەوەرەكانیش تەناهی و سەربازی و سیاسی و ئابووری دەبن.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل