ژیڤان به‌كر
كامیل به‌سیڕ له كتێبی "مێژووی ڕه‌خنه‌سازی"دا پهیڤهیلی (ڕه‌خنه، ڕه‌خنه‌گر، ڕه‌خنه‌ساز و ڕه‌خنه‌سازی) له‌گه‌ڵ وشه‌یلی عه‌ره‌بی و فارسی و ئینگلیزی‌دا به‌راورد كردوون، شلۆڤه و ڕاڤه‌ی كردوون. به ڕه‌تكردنه‌وه‌ی واژه‌كانی (ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گر) ده‌ستی پێ كردووه و به دانانی واته‌ی (ڕه‌خنه‌ساز و ڕه‌خنه‌سازی) پایانێی به‌م دوو چه‌مكه هه‌ستیاره هێناوه.
چۆن له وشه‌ی "نقد"ی عاره‌بی واتای ته‌واوی "ڕه‌خنه‌سازی" نادات و ئه‌و زاته مه‌زنه ڕوونی كردووه‌ته‌وه گه‌ره‌كه بۆ بابه‌ته‌یلی ئه‌ده‌بی، گوزاره‌ی "نقد الادبی" به‌كار ببرێ، به هه‌مان وێنه پێویسته بۆ ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بیی كوردیش واته‌ی "ڕه‌خنه‌سازی كوردی" به‌كار بهێنرێ. ئاخر به‌ته‌نێ نه وشه‌ی "نقد" و نه په‌یڤی "ڕه‌خنه" واتای ته‌واوی (ڕه‌خنه‌سازی) نابه‌خشن، چونكه هه‌ردوو په‌یڤ "نقد" و "ڕه‌خنه" واتای عه‌یب و نه‌نگی ده‌به‌خشن، وه‌لێ واژهیلی "نقد الادبی" و "ڕه‌خنه‌سازی" واتای دوولایه‌نه‌ی باش و خراپ و هه‌ڵسه‌نگاندنی ده‌ق ده‌ده‌ن.
ژبه‌ر هه‌ندێ ئه‌م بۆچوونه‌ی به‌سیڕ په‌یڤی "ڕه‌خنه‌ساز"یش ده‌گرێته‌وه، بێگومان له بری وشه‌ی "ڕه‌خنه‌گر" ئاخر ڕه‌خنه ته‌نێ لایه‌نه نه‌نگییه‌كه پیشان ده‌دات، لێ (ڕه‌خنه + ساز) هه‌ردوو لایه‌ن ده‌گرێته‌وه، ڕه‌خنه لایه‌نی نه‌نگی و ساز لایه‌نی ته‌واوی و ئاماده‌یی و جوانی ده‌ق یان كاره‌كه ده‌خه‌نه ڕوو. بۆیه واژه‌ی ڕه‌خنه و ڕه‌خنه‌گر ڕه‌ت ده‌كاته‌وه، وشه‌یلی (ڕه‌خنه‌سازی و ڕه‌خنه‌ساز) ده‌خاته شوێنیان، بێخه‌وش ئه‌و له جێدانانهی د. كامیل به‌سیڕ، له جێیه‌تی.
له‌به‌رئه‌وه‌ی وێژه (ئه‌ده‌ب) تێكه‌ڵی هه‌موو جومگه‌كانی ژیان بووه، ئاساییه په‌یڤێكی ئه‌ده‌بی بۆ هه‌ر گۆشه‌نیگایه‌كی ڕسته به‌كار بێنین، كه له ژیانی ڕۆژانه‌ماندا دێته پێشێ. ئێسته ڕه‌خنه‌گر هه‌نده زۆرن، مه‌گه‌ر به خودا سه‌رژمێریی بكرێن، ده‌نا به هیچ كه‌سێك نایه‌نه ژماردن. ئاخر هه‌ر جومگه‌یه‌ك یان پێگه و پله و توێژێكی كۆمه‌ڵی كوردی به نموونه بگری، پڕی ڕه‌خنه‌گری بێ بنه‌ما و هیچ له‌باردا نه‌بوون. ته‌نێ قسه فڕێ ده‌ده‌ن، ته‌نیا گومان دروست ده‌كه‌ن، دواجار دوودڵی له دڵی مرۆی بێده‌ره‌تانی كورددا ده‌چێنن، ئاژاوه ده‌ورووژێنن. ڕاستییه‌كه‌ی ئه‌م ته‌رزه كه‌سه، خه‌ڵكی ڕه‌شۆك پێی وایه ڕه‌خنه‌گرن، ده‌نا فڕیان به‌سه‌ر ڕهخنهسازییهوه نییه.
جومگه‌یه‌كی سه‌ره‌كی و گرنگ میدیاكانن، به گیان خودا هه‌رچی كچی جوانیش هه‌یه بزانم یان ببیستم ناوی (میدیا)یه به‌هۆی ناشیرینی میدیاكانی باشووری كوردستان به كرێتی دێنه به‌رچاوم، ئاخر هێنده ناشیرین و خراپ كار ده‌كه‌ن، كچی جوانیشت له‌به‌رچاو ده‌خه‌ن. ئه‌م قسه‌یه‌م ڕه‌نگدانه‌وه‌ی به‌رنامه قۆڕه‌كانی میدیای بینراو و بیستراوه، میدیای خوێنراو له‌لایه‌كی تر، هه‌ر ده‌ڵێی بازاڕی شێخه‌ڵای هه‌ولێر و به‌رده‌ركی مزگه‌وتی گه‌وره‌ی سلێمانییه، هه‌ر كه‌س به كه‌س نییه.
جارێ میدیاكانی سلێمانی ئه‌وانه‌ی به ناوی بێلایه‌ن و هیتر كار ده‌كه‌ن، زۆریان هه‌قی داخستنیان هه‌یه، ئاخر جنێوفرۆشانی تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌ینێ شایسته‌ی ئه‌وه‌ن قسه بۆ ٤٤ ملیۆن كورد بكه‌ن، سه‌یركه میدیا بۆ چ ئاستێكی نزم دابه‌زیوه، سه‌ت ڕه‌حمه‌ت له میدیاكانی هه‌ولێر و دهۆك، خۆشبه‌ختانه ئه‌و ته‌وژمه به‌رنامه قۆڕانه ڕووی له‌وان نه‌كردووه. ئاخر هێنانی كه‌سانێكی وا كه فڕیان به‌سه‌ر ڕه‌خنه‌ساز و ڕهخنهسازییهوه نییه، ته‌نیا ڕه‌خنه ده‌گرن بێ ئه‌وه‌ی هیچ چاره‌سه‌رێكیان له كن بێت، كه‌ی بابه‌تێكی ئاوه‌زمه‌نده؟
دوژمنت له هه‌ولێر تڕومبێل نهئاژوا، یان باشتره بڵێم به چاره‌ی دوژمنت بێت، چونكه شوفێری له هه‌ولێر وه‌ك ئه‌وه‌یه بچیته به‌ره‌كانی جه‌نگ، ئه‌ز زۆر بار بیر ده‌كه‌مه‌وه بۆ ناو تڕومبێله‌كه‌م، چه‌شنی هه‌ر پێویستییه‌كی تر، ده‌مانچه‌یه‌ك بكڕم، ئاخر وه‌ك ویلسپانه پێویسته، چونكه هه‌ر شوفێرێك له ماڵێ دێته ده‌ر، ته‌وێڵی تێك ناوه، هه‌مووی نا (به‌شێكی كه‌م نه‌بێ) به‌ڵام زۆریان به چاوی دوژمنه‌وه سه‌یری شوفێره‌كه‌ی ته‌كیان ده‌كه‌ن، جارێ كه‌مترین ڕێز له ژن ده‌گیرێ. خۆشبه‌ختانه ده‌می هه‌ر شوفێرێك بكه‌یته‌وه ڕه‌خنه ده‌گرێ، ملیۆن ڕه‌خنه‌ت بۆ ڕیز ده‌كات، لێ ئاماده نییه ئه‌و دیارده و شتانه‌ی له كنی جێی سه‌رنج و ڕه‌خنه‌ن، نه‌نگن، بێزاری ده‌كه‌ن، له خۆیدا بیگۆڕێ، سازی بكات، وازی لێ بێنێت، ڕێكی بخاته‌وه.
هه‌ولێر له ڕووی هاتوچۆوه گه‌لێك جه‌نجاڵه، كه‌ڵكی شوفێری نییه، جارێ ئه‌و هه‌موو هۆڕنه كاست ده‌كه‌ن، ده‌ی به‌بێ هۆكار لێی ده‌ده‌ن. شارۆكه و شاره‌دێكان هه‌ر باسیان ناكرێ، زۆر خراپترن. وه‌لێ سلێمانی له‌م بابه‌ته‌دا نموونه‌یه، هه‌قه هه‌م شوفێر، هه‌میش كارمه‌ندانی هاتوچۆی هه‌ولێر چاو له‌وان بكه‌ن، ئاخر ته‌نیا ڕه‌خنه‌گرتن به‌س نییه، ده‌كرێ خۆڕێكخستنه‌وه و سازكردنیشی له‌گه‌ڵ بێت.
هه‌ر جومگه‌یه‌كی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی وه‌ربگرین، به‌بێ كه‌موكوڕی نییه، جارێ سیاسه‌ت و ئاین بوونه‌ته گه‌مه‌ی منداڵ، بۆیه نامه‌وێ وتاره‌كه‌م درێژدادڕی پێوه دیار بێ، ناچارم كورتی ده‌كه‌مه‌وه. كۆتا جومگه په‌روه‌رده هه‌ڵده‌بژێرم، هه‌ر له باخچه‌ی ساوایانه‌وه بگره تا خوێندنی باڵا، له هه‌موو قۆناغه‌كاندا پڕی كه‌موكوڕییه. پێكدادانی ڕه‌خنه‌ی مامۆستا و ماڵباتی فێرخوازه، یان مامۆستای قۆناغه جوداكانی په‌روه‌رده و فێركردنه.
له باخچه‌ی ساوایان مامۆستا ڕه‌خنه له خێزانی منداڵه‌كه ده‌گرێت، ده‌ڵێ خێزانه‌كه‌ی هیچیان فێر نه‌كردووه و ئاوا بۆ ئێمه‌یان ناردووه، ده‌ی لای ئێمه‌یش نابێته پڕۆفیسۆر. قوتابی له سه‌ره‌تایی ته‌مبه‌ڵ بێت، مامۆستای سه‌ره‌تایی ڕه‌خنه له مامۆستا باخچه‌ی ساوایان ده‌گرێت، ده‌ڵێ ئاوایان بۆ ناردووین، تازه ئێمه چی فێر بكه‌ین؟ مامۆستای قۆناغی ناوه‌ندی هه‌روه‌تر، مامۆستای ئاماده‌یی ده‌ڵێن ئه‌وه له قۆناغه‌كانی تر فێر نه‌كراوه، تازه ئێمه چی لێ بكه‌ن، چۆن فێری بكه‌ین؟ خێزانی خوێندكار ده‌یخاته ئه‌ستۆی حكوومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده، ڕه‌خنه‌یان لێ ده‌گرێت، مامۆستا ڕه‌خنه له سیسته‌م و خێزانی خوێندكار ده‌گرێت، حكوومه‌ت هه‌ردوو لایان به كه‌مته‌رخه‌م تاوانبار ده‌كات.
دواجار كه‌سیان ده‌ست به سازكردن و ئاماده‌كردنی ئه‌م نه‌وه قوڕبه‌سه‌ر و بێتاوانه ناكه‌ن، له بیریان چووه خێزان و سیسته‌م و مامۆستا سێكوچكهن، نه‌وه‌یه‌كی ته‌ندروست و خوێنده‌وار و به‌رهه‌مدار بۆ داهاتوو ساز ده‌كه‌ن. كورد ته‌نێ ڕه‌خنه ده‌گرێ، چار و ساز ناكات، چی زۆره ڕه‌خنه‌گری زۆره، ڕه‌خنه‌سازی كه‌مه.
محه‌مه‌د ماغووت شاعیرێكی یاخی سوورییه، ڕووی له نه‌ته‌وه‌كه‌ی خۆیه‌تی و ده‌ڵێ "هه‌ر كه‌سێ ڕه‌خنه بگرێ و چاره‌سه‌ره‌كه‌ی نه‌ڵێ، گووی خوارد!". ماغووتێ له كوێ بێنین؟