په‌یڕه‌و ئه‌نوه‌ر
دووانه‌ی كاڵا و به‌رخۆریزم
به‌رخۆریزم هه‌م وه‌ك ئایدۆلۆجیا و هه‌میش وه‌ك بازاڕ پێوه‌ندییه‌كی پته‌و و قووڵی به كاڵا و شمه‌ك و خواردن و خواردنه‌وه‌وه هه‌یه. له كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رخۆردا تاك زیاتر له‌وه‌ی پێویستیه‌تی ده‌خوات و ده‌خواته‌وه و كاڵا ده‌كڕێت و له بازاڕ ئاماده ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی كوردستان و دنیای ئێمه‌دا زیاتر له رووبه‌ر و پانتاییه‌ك هه‌ن كه گوزارشتێكی قووڵ له پرۆسه‌ی بهرخۆریزمی ئابووری و به‌رخۆریزم وه‌ك ئایدۆلۆجیا ده‌كه‌ن، هه‌ر له زۆربوونی چێشتخانه و كافێ و مۆڵ و بازاڕه هاوچه‌رخه‌كانه‌وه تا ده‌گاته هۆتێلی پێنج ئه‌ستێره و كافتریای شه‌وانه و ناوه‌ند و سه‌نته‌ره‌كانی مه‌ساج. هه‌ریه‌ك له‌م شوێن و پانتاییانهیش به زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری تازه قسه ده‌كه‌ن و ناسنامه‌ی تایبه‌تیش به‌سه‌ر ئه‌ندام و ئه‌كته‌ره‌كانی ناوی و سه‌ردانكه‌رانی ده‌به‌خشن و ده‌سه‌پێنن.
وا دیاره به‌شێكی زۆری ئه‌م رووبه‌ره تازانه‌ی ناو كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له‌گه‌ڵ چینێكی تایبه‌ت و گرووپێكی تایبه‌ت له پێوه‌ندیدا بن و شێوه ژیانێكی تایبه‌تیشی له‌گه‌ڵ خۆیدا هێناوه. پێ ده‌چێت ئه‌م گۆڕانكاریی و مۆدێله كه له‌گه‌ڵ به‌رخۆریزم كار ده‌كات و ده‌جووڵێت و تازه ده‌بێته‌وه، ده‌ستكاری كرده‌كانی دانیشتن و هه‌ڵسان و نانخواردن خۆپاككردنهوهیشی كردبێت، بۆیه وا ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌م فۆڕمه‌ی به‌رخۆریزم كه كاڵا و ئیسراحهتخانه و چێشتخانه و رووبه‌ره‌كانی تری خواردن و خواردنه‌وه ناوكه بنهڕهتییهكهیهتی، شێوازێكی ته‌واو جیاوازی ژیانكردنی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا به‌رهه‌م هێنابێت به‌تایبه‌ت له دوای ٢٠٠٣ و گۆڕانی بنه‌ماكانی به‌رهه‌مهێنان و مۆدێلی رێكخستنی بازاڕ و نه‌وت و مووچه‌وه هێنده‌ی تر كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی بێ پێوه‌ندی و بێ بازاڕه‌وه، گۆڕا بۆ بازاڕێكی گه‌وره و له‌ناویشیدا كاڵا بوو به داواكاری ژماره یه‌كی ئه‌و كۆمه‌ڵگه تازه‌یه.
هۆڵه‌كانی له‌شجوانی و به‌رخۆریزم
ئه‌مڕۆ له دنیای ئێمه‌دا به‌ده‌گمه‌ن گه‌ڕه‌كێك یان سووچ و رووبه‌رێكی گشتی ده‌دۆزیته‌وه هۆڵێكی له‌شجوانی و له‌شڕێكی تێیدا ئاماده نه‌بێت، هه‌ر له گه‌ڕه‌ك و رووبه‌ری چینه به‌رزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌وه تا ده‌گاته چینی هه‌ره خواره‌وه. ئه‌م هۆڵ و رووبهرانه زۆر به‌چڕی له دنیای ئێمه‌دا ئاماده‌ن و به زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری زۆر تایبه‌تیش قسه ده‌كه‌ن. یه‌كێك له مانا هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌كانی ئه‌م هه‌موو هۆڵه ده‌مانباته‌وه بۆ پرسی به‌رخۆریزم!
به‌رخۆریزم وه‌ك ئایدۆلۆجیا، وه‌ك بازاڕ و وه‌ك كرده‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری، دیاره له دوای ٢٠٠٣ـه‌وه كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه رووبه‌ڕووی دۆخێكی ئابووری تازه ده‌بێته‌وه و بازاڕ وه‌ك كڵێشه‌یه‌كی گه‌وره ده‌رده‌كه‌وێت.
لێره‌وه مانا و فۆڕمه جیاوازه‌كانی به‌رخۆریزم له دایك ده‌بن. له كۆمه‌ڵگه‌ی به‌رخۆردا تاك به‌رده‌وام له‌ناو هه‌ناو و هه‌نده‌سه‌ی بازاڕدا ئاماده‌یه و ده‌جووڵێت و ده‌خوات و ده‌خواته‌وه، لێره‌وه رۆڵی تاك له بوونه‌وه‌رێكی به‌رهه‌مهێنه‌وه به‌ته‌واوی ده‌گۆڕێت بۆ بوونه‌وه‌رێكی به‌كاربه‌ری بێ ئه‌ندازه. لێره‌وه تاك وه‌ك زبڵخانه و ئامێرێكی گه‌وره یه‌كێك له كرده هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی رۆژانه‌ی ده‌بێت به خواردن و خواردنه‌وه و ئیسراحهتكردن. لێره‌وه هه‌م فۆرمی تاك و هه‌میش چوارچێوه و ئۆرگانه جیاجیاكانی جه‌سته داده‌ڕێژرێنه‌وه و به‌شێك له رۆڵی فیسیۆلۆجیانهی خۆیان له ده‌ست ده‌ده‌ن. له‌ده‌ستدان به مانای ئه‌وه‌ی مرۆڤ له‌ناو پرۆسه‌ی به‌رخۆریزمدا به‌هۆی ورگێكی گه‌وره و چه‌ندان كیلۆ چه‌وری به‌سه‌ر جه‌سته‌یه‌وه، ناتوانێ به‌شێوازێكی میكانیكی بجووڵێت و ناسنامه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كه‌ی بۆ خۆی به‌رهه‌م بێنێته‌وه.
به‌شیكی گه‌وره‌ی هۆڵه‌كانی له‌شجوانی ناو دنیای ئێمه پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه دنیاكه‌مان له بازاڕێكی گه‌وره ده‌چێت، بازاڕ واته بكه‌ره‌كانی ناوی به‌خێرایی قه‌ڵه‌و ده‌بن و به‌خێرایی شوناسی جه‌سته‌یان ده‌گۆڕن.
وا ده‌رده‌كه‌وێ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ روو له‌و هۆڵانه ده‌كه‌ن به‌دوای گه‌ڕاندنه‌وه‌ی شوناس بۆ جه‌سته و ئۆرگانه‌كانی ده‌گه‌ڕێت، به‌شێكی كه‌می به دوای ستاتیكا و لایه‌نه هونه‌رییه‌كه‌ی جه‌سته‌وه‌یه. دیاره ئه‌م پرۆسه‌یه له دهرگهیهكهوه پێوه‌سته به پرسی تاكگه‌رایی ناو جه‌سته‌ی لیبڕاڵیزم. تاكگه‌رایی واته چۆن تاك و جه‌سته و جووڵه‌كانی سه‌روه‌ر و زاڵ ده‌كه‌ن به‌سه‌ر جه‌سته‌ی كۆمه‌ڵ و گرووپه جیاوازكانی ناو كۆمه‌ڵگه‌دا.
چۆن تاك له‌ڕێی جه‌سته‌یه‌وه زمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی و هونه‌ری تازه به‌رهه‌م دێنێت؟ به‌تایبه‌ت ئه‌م ڕووبه‌ره هه‌م نێر و هه‌میش مێ تێیدا ئاماده‌ن و ده‌یانه‌وێ له‌گه‌ڵ جه‌سته‌یان له پێوه‌ندیدابن.
فڕانكفۆڕتییهكان به‌تایبه‌ت (ئه‌دۆرنۆ و ماركۆز و هۆركهایمه‌ر) ئه‌م پرسه به‌ته‌واوی به ژیان له‌گه‌ڵ مۆدێرنه و پایه‌كانی سه‌رمایه‌داری و رۆڵی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازیدا تێكه‌ڵ ده‌كه‌ن، بۆیه ده‌كرێت له‌ڕێی تێزێكی وه‌ك (مرۆڤی تاك ره‌هه‌ند)ی ماركۆز، زیاتر له هێما و كرده‌كانی ئه‌م دیارده‌یه تێبگه‌ین. ماركۆز پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات كه مۆدێرنه لایه‌نه ستاتیكییهكهی ژیان ده‌كوژێت.
فڕانكفۆرتییهكان به دیدێكی ته‌واو (ماركس)یانه له‌باره‌ی پێوه‌ندی نێوان "كاڵا و مرۆڤ" ده‌ڕوانن. دیاره پوخته‌ی تێزه‌كه ئه‌وه‌یه كه مرۆڤ له‌ناو هێڵ و تۆڕه‌كانی سه‌رمایه‌داریدا بۆ ئه‌وه كاڵا ناكڕێت و ناخواته‌وه كه پێویستیه‌تی، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه خواردن ده‌خوات تا له‌رێیه‌وه سه‌رمایه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌رز بێته‌وه! ئێمه به‌رده‌وام له ماكدۆناڵد و ئه‌ی بی سی و كه‌ی ئێف سی ئاماده‌ین، ده‌خۆینه‌وه، چێك ئین ده‌كه‌ین و خه‌ریكی كۆكردنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌ی سیمبۆلین، دواتر ده‌بێت به‌دوای هۆڵێكی له‌شڕێكی بگه‌ڕێین بۆ داڕشتنه‌وه‌ی جه‌سته.
راستییه‌كه‌ی ئه‌م دیارده‌یه زۆر ئاڵۆزه، ده‌كرێت زۆر له‌وه زیاتر لێی ڕابمێنین و بیری لێ بكه‌ینه‌وه، به‌تایبه‌ت له كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك كه به‌رخۆریزم وه‌ك ئایدۆلۆجیا ده‌ربكه‌وێت و نه‌وت ئاماده‌یی هه‌بێت. لێره‌وه جووڵه‌ی مرۆڤ جووڵه‌یه‌كی هونه‌ری نییه، جووڵه‌یه‌كه به‌رخۆریزم دروستی ده‌كات و به زۆر رایده‌كێشێته ناو هۆڵه‌كانی لهشڕێكییهوه.