عه‌زیز ڕه‌سووڵ هه‌ورامانی
كوردستان هه‌میشه به یه‌كگرتوویی توانیویه‌تی ده‌ستكه‌وتی مه‌زن به‌ده‌ست بهێنێت و پێچه‌وانه‌كه‌یشی كاره‌ساتی هێناوه، هه‌ركات كورد ناكۆكی تێدا بووبێت، دوژمن توانیویه‌تی خۆی بخزێنێته ناو ڕیزه‌كانی و ناكۆكی زیاد بكات، تا ئاراسته‌ی شه‌ڕێك كه كاره‌ساتی گه‌وره به‌سه‌ر گه‌لی كورد هاتووه.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ هاوپه‌یمانی و لایه‌نه سیاسییه‌كان به‌ر له راپه‌ڕینی 1991 و دروستكردنی به‌ره‌یه‌ك، بینیمان له شاخ هێزه كوردییه‌كان خۆیان ڕێكخست و له ناوخۆیش توانرا هێزی گه‌ل یه‌ك بخرێت و ڕاپه‌ڕینی مه‌زنی گه‌لی كوردی لێ كه‌وته‌وه كه به‌ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌م تا كه‌ركووكی كوردستان ئازاد كرا.
كورد بۆ یه‌كه‌م جار پاش ڕاپه‌ڕین له ساڵی 1992، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجام دا و حكوومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان بنیات نرا، ئه‌وكات هه‌نگاوێكی گه‌وره بوو بۆ دۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان كه ده‌یان ساڵ بوو دهچهوسێنراینهوه له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه، به‌ڵام به‌داخه‌وه به‌هۆی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی ناكۆكی ناوخۆیی، شه‌ڕی براكوژی لێ كه‌وته‌وه و هه‌زاران ڕۆڵه‌ی كورد به‌ده‌ستی براكان شه‌هید بوون، له‌وێشه‌وه كوردستان به فه‌رمیی بوو به دوو ئیداره‌ی دنیابینیی جیاواز و تا ئێسته‌یش شوێنه‌واره‌كانی ماون و هه‌ندێك جاریش زه‌ق ده‌بنه‌وه.
پاش ئاشته‌وایی پارتی و یه‌كێتی به لێبورده‌یی بارزانی و تاڵه‌بانی، دواتر پرۆسه‌ی ئازادی عێراق له 2003، كورد له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ و عێراق و دنیا هه‌نگاوی گه‌وره‌ی ئاوه‌دانی و دیپلۆماسی و سه‌ربازی بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌یی گرته‌به‌ر و جارێكی تر بووژانه‌وه‌یه‌كی باش بۆ ژیانی هاووڵاتیی ماندووی كوردستان هاته ئاراوه و داهاتی تاك به ڕێژه‌یه‌كی باش به‌رز بووه‌وه.
به‌دوای ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌دا كه به‌رهه‌می ته‌بایی بارزانی و تاڵه‌بانی و هێوربوونه‌وه‌ی دۆخی پێوه‌ندی سیاسیی و گۆڕانكاری ناوچه‌یی بوون، كورد به فه‌رمی فیدڕاڵی له عێراق چه‌سپاند و دواتر هه‌نگاوی به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی نا و له 25ـی ئه‌یلوولی 2017 ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌نجام دا، به‌ڵام دیسان ناكۆكی حزبی و به‌رژه‌وه‌ندی بچووكی گرووپێك، هه‌موو ده‌ستكه‌وته‌كانی خسته‌وه گومان و دڵه‌ڕاوكه‌ی له‌ناوچوون. لێره‌دا روون ده‌بێته‌وه كه به‌رهه‌می ته‌بایی و ناكۆكی چه‌ندن و چۆن دێنه پێوانه.
به‌ڵام سه‌یر له‌وه‌دایه به‌شێك له به‌رپرسانی كوردستان ئێسته‌یش هه‌میشه لێدوانه‌كانیان به‌و ئاراسته‌یه كه ناكۆكی دروست بێت، ئه‌و به‌رپرسانه توانیویانه له په‌نای شه‌ڕ و نانه‌وه‌ی پشێوی، بازرگانی و ڕاوڕووتی خۆیان بكه‌ن، بینیمان له شه‌ڕی ناوخۆ و شه‌ڕی داعش بازرگانه‌كانی جه‌نگ چۆن هه‌رچی پیرۆزیی هه‌یه پێشێلیان كرد و خه‌ریكی به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بوون.
كاتێك له هه‌رێمی كوردستان ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆی ئه‌نجام درا، به فیتی كه‌سانی ناپاك به‌رانبه‌ر به گه‌لی كوردستان، چه‌ندان هێزی ناوخۆ كاریان ده‌كرد بۆ سه‌رنه‌خستنی ڕێفراندۆم، به‌ڵام پاش ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی گه‌ل، كاره‌ساتی 16ـی ئۆكتۆبه‌ریان خوڵقاند كه تا ئاستی نه‌هێشتنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان، خیانه‌ته‌كه گه‌وره‌بوو.
كۆتاهێنان به پاشماوه‌ی دوو ئیداره‌یی
ڕۆژی 31ـی ئه‌یلوولی ساڵی ڕابردوو دانیشتووانی كوردستان چوونه سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان و ده‌نگی خۆیان دا، ئیتر ئه‌ركی حزبه‌كانه پابه‌ندی بڕیاری گه‌ل بن كه كێی كردووه به حوكمڕانی ئه‌م هه‌رێمه و ده‌بێت پشكی شێری به‌ربكه‌وێت و ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتی بكه‌وێته سه‌رشان، پێویسته ئه‌و حزبانه‌ی به‌شداری حكوومه‌ت ده‌كه‌ن به‌قه‌ده‌ر ئه‌و سه‌نگه‌ی گه‌ل پێی ره‌وا بینیون به‌شداری حوكمڕانی بن، زیاتر له‌وه داوا نه‌كه‌ن و هه‌ڕه‌شه‌ی خیانه‌تیش نه‌كه‌ن، به‌و مانایه‌ی شێواندنی ناوخۆ و زه‌نگی دوو ئیداره‌یی هه‌ر خیانه‌ته.
وا باشتره كار بكرێت به‌وه‌ی حكوومه‌تی نوێ هه‌رێم له‌سه‌ر خاڵبه‌ندی و ڕێژه‌ی كورسی په‌رله‌مانی یه‌كلا بكرێته‌وه، ڕێز له ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵكه بگرن كه به‌رپرسیارێتی حزبه‌كانی دیاری كردووه، ئه‌وكاته ده‌توانن حكوومه‌تێك دروست بكه‌ن زۆنی سه‌وز و زه‌رد نه‌هێڵێت و به‌ته‌واوی كۆتایی به بیری دوو ئیداره‌ی بهێنرێت. خۆ ئه‌گه‌ر حزبێك له به‌شی خۆی ناڕازییه و بڕوای به ژیانی دیموكراسی هه‌یه، ده‌توانێ كار بكات له هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كورسیی زۆرتر مسۆگه‌ر بكات و خۆی حكوومه‌ت پێكبێنێ.
حكوومه‌تی نوێ ئه‌ركی قورسه
لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستان ئێسته له كۆبوونه‌وه و دانوستاندان بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆیه ده‌بێت ئه‌و حكوومه‌ته پاش ده‌ستبه‌كاربوونی، هه‌نگاوی زیاتر بۆ كاڵكردنه‌وه‌ی ناوچه‌ی سه‌وز و زه‌رد بنێت و مه‌ترسی لێكترازان به یه‌كجاری بڕه‌وێنێته‌وه، ڕێ به‌هیچ كه‌س و لایه‌نێك نه‌درێت به وشه‌یه‌كیش باس له دوو ئیداره‌یی بكه‌ن، ته‌واوی دانیشتووانی ئه‌م هه‌رێمه وه‌ك یه‌ك له به‌رده‌م یاسا به‌رپرسیار بن، ناكرێ له‌م 2019یه به ئه‌قڵی شاخ و چه‌ك بیر بكه‌ینه‌وه و داوای به‌ش بكه‌ین.
ئه‌ركی په‌رله‌مانی كوردستان
زۆر پێویسته له خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان یاسای تایبه‌ت ده‌ربكرێت كه باسكردن له دوو ئیداره‌یی و دوو حكوومه‌تی له باشووری كوردستان قه‌ده‌غه بكات، هه‌ر كه‌س و ڕاگه‌یاندنێك به‌و ئاراسته‌یه كاری كرد، سزای توندی بۆ دیاری بكرێت.
خه‌ڵكی هه‌رێم حكوومه‌تێكی یه‌كگرتووی به‌هێزیان ده‌وێت، بتوانێ یه‌كپارچه‌یی خاكی باشوور بپارێزێت، ئه‌گه‌ر سه‌یر بكه‌ین له كاتی په‌سه‌ندكردنی بودجه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و به‌ده‌ستهێنانی به‌شێكی باش بۆ كورد، به‌رهه‌می یه‌كگرتوویی فراكسیۆنه كوردییه‌كان و به‌هێزی بارزانی بوو، ئه‌ی بۆ یه‌كگرتوو نه‌بین، تا كه‌ی تابلۆی ناشیرینی ناو دنیای تازه بین؟
ئه‌ركی هێزه سیاسییه‌كان
هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێ جارێكی تر هه‌نگاوی پته‌وكردنه‌وه‌ی گیانی یه‌كبوون و كاركردنی هاوبه‌ش بنێنه‌وه، خاڵه هاوبه‌شه‌كان بكه‌ن به بنه‌مای كاركردنیان بۆ خۆشگوزه‌رانی كوردستان، ده‌بێت ڕێكه‌وتنێكی وا واژوو بكه‌ن كه هه‌رگیز هیچ به‌رپرس و ڕاگه‌یاندنێكی لایه‌نه‌كان مافی بیرۆكه‌ی دوو ئیداره‌یی نه‌بێت و له خۆی رانهبینێت ئه‌و بۆگه‌نییه‌ی خۆی به‌سه‌ر گه‌لێكی تێكۆشه‌ری وه‌ك كورددا بسه‌پێنێ.