بڕیار بوو سەرلەبایەنی ئەمڕۆ، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر بودجەی 2023 تا 2025ی كۆ ببێتەوە، تا ئاستێك رێككەوتن لەسەر بابەتە داراییەكان كراوە، پێشبینیش دەكرا پێش دانیشتنەكە چەند گفتوگۆیەكی تری سیاسی ئەنجام بدرێ، بۆیە دانیشتنەكە بۆ شەو دواخرا.
ئەمڕۆ پێنجشەم هەشتی حوزەیران، سەرچاوەیەك لە پەرلەمان بە ماڵپەڕی "
شەفەق نیوز"ی ڕاگەیاند، سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری دا، دانیشتنی تایبەت بە دەنگدان لەسەر بودجە بۆ كاتی ئێواره دوا بخرێت.
ئەو سەرچاوەیە گوتوویەتی دوای ئەوەی بڕیار بوو سەعات 11:00ی سەرلەبەیانی دانیشتن بەڕێوە بچێت، سەرۆكایەتیی كۆمار بڕیاری دا دانیشتنەكە بۆ سەعات 8:00ی شەوی ئەمڕۆ دوا بخرێت.
پێشتر لە چواری نیسان، هەردوو حكوومەتی هەرێم و بەغدا رێككەوتنێكی هاوبەشیان لەسەر بودجە و ئیدارەدانی نەوت كرد، بەڵام بە پێشنیاری عەسائیب ئەهلی حەق و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، دەستكاری ئەو رێككەوتنە كراوە و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان بە فەرمی دژی وەستانەوە.
بەپێی پێشنیارەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كە لەلایەن میلیشیاكان و یەكێتییەوە كراون، ئەگەر بڕگەكانی مادەی 13 و 14ی پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەمان دەنگ بێنێ، حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ دەسەڵاتێكی دارایی نابێت و هەموو پارەی نەوت و داهاتەكانی هەرێم دەكەونە دەست چەند فەرمانبەرێكی عەرەب لە وەزارەتی دارایی عێراق، ئەوەش وەك سووكایەتی بەرانبەر دۆز و پێگەی كورد لێك دەدرێتەوە.