بڕیار بوو سعات 1:00 دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە ساز بكرێت، بەڵام بەهۆی بەردەوامیی كێشەكانەوە دانیشتنەكە بۆ سعات 8:00ی ئەمشەو دوا خرا، بەپێی سەرچاوەیەك دانیشتنەكە جارێكی تر بۆ سعات 10:00ی ئەمشەو دوا خرایەوە.
بەپێی
سەرچاوەیەك سەرۆكایەتیی پەرلەمانی عێراق دانیشتنی پەرلەمانی، كە بڕیار بوو ئەمشەو سعات 8:00 بێتە سازكردن، بۆ سعات 10:00ی ئەمشەو دوا خست، ئەوەش بەهۆی ئەوەی دەبێت سەرەتا لیژنەی دارایی دەنگدان لەسەر مادەكانی پڕۆژەیاسای بودجە تەواو بكات، ئینجا پڕۆژەكە بدرێتە سەرۆكایەتی پەرلەمان.
ئەمڕۆ هادی سەلامی، پەرلەمانتاری سەربەخۆ گوتی، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان پێشێلی پێڕەوی ناوخۆیی كردووە لەبارەی میكانیزمی دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بودجە، كاتێك دەبوایە 48 سعات بەر لە دانیشتنی دەنگدان، كۆپی پڕۆژەیاساكە بدرایە بە ئەندامان بۆ تاوتوێكردنی، كەچی تا ئێستە نەگەیشتووە.
ئەو پەرلەمانتارە ئاشكرای كرد كە زیاتر لە هەفتەیەكە كۆپی دەستكاریكراوی بودجە لە لیژنەی دارایی پەرلەمان دیار نییە و سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان بێ ئەندامانی لیژنەكە گۆڕانكارییان لە پڕۆژەكە كردووە، بۆیە بەو هۆیەوە دۆخەكە لەناو پەرلەمان باش نییە و تا ئێستە لیژنەی دارایی دەنگدانی كۆتایی بۆ پڕۆژەیاساكە نەكردووە.