سوودانی: چاوەڕوانی رێوشوێنەكانی توركیاین بۆ دەستكردنەوە بە هەناردنی نەوت

:: PM:06:31:21/09/2023 ‌

ئێستە محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە نیویۆركە لە ئەمەریكا بۆ بەشداریكردنی لە كارەكانی 78مین خوای كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیارە وتەیەك پێشكەش بكا و چاویشی بە سەرۆكی ئەمەریكا بكەوێت، ئەو لە دیداری كەناڵێكی ئەمەریكی باسی چەند پرسێكی گرنگی كرد، لەوانە دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە.

لە دیدارێكی لەگەڵ كەناڵی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی لە نیویۆرك، سوودانی رووناكی خستە سەر چەند بابەتێكی گرنگ و گوتی، بەشێك لە بەرهەمی نەوتیمان بۆ بەگەڕخستنی پاڵاوگەكان لە دەرەوەی عێراق بەكاردێنین، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ بولگاریا قسەمان كردووە و چەند پاڵاوگەیەكیش لە چین و مالیزیا هەن، هاوكات هەوڵ دەدەین نرخی نەوت لە نێوان 85 بۆ 90 دۆلار بێت، واتە بە هاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرژەوەندی بەرهەمهێن و بەكارهێن.

لەبارەی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان و كێڵگەكانی كەركووك، كە لە 25ی ئاداری رابردووەوە وەستاوە گوتی، چاوەڕوانی رێوشوێنەكانی توركیاین بۆ دەستكردنەوە بە هەناردنی نەوت، بەتایبەتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی كوردستان و ئەو پرۆسەش لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی دەوڵەت دەبێت.

ئاشكرای كرد، لەگەڵ توركیا لە دادگەی نێودەوڵەتی سكاڵامان لەسەر یەكتر هەیە، هاوكات گفتوگۆشمان هەیە بۆ لێكجیاكردنەوەی بابەتی دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت لەگەڵ بابەتی سكاڵا یاساییەكان لە دادگە، دووپاتی كردەوە كە وەستانی هەناردن زیانی بە هەمووان گەیاندووە، لەوانەش توركیا، كە سوود لە كرێی گواستنەوەی نەوتەكە وەردەگرێت.

سوودانی لەبارەی كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم كار دەكەن گوتی، چاومان بەوان كەوتووە و خواستی ئەوەیان هەیە لە ناوچەكانیتری عێراق كار بكەن، باسی ئەو هەلانەی وەبەرهێنانمان كرد كە دەمانەوێ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان كاری تیادا بكەن، بۆیە پێوەندییەكی ستراتیجی لە نێوان عێراق و ئەمەریكا هەیە و لە كۆبوونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی كاراكردنی رێككەوتنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و هاتنی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا و دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوتمان لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا كرد.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل