سوودانی: كێشەی سیاسیمان لەگەڵ هەرێمی كوردستان نییە

:: PM:08:50:22/09/2023 ‌

حكوومەتی نوێی عێراق لە دوای رێككەوتنێكی سیاسی لە نێوان هێزەكانی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هاتە كایەوە، لە نیسانی رابردووش رێككەوتنی نەوتی لە نێوان هەردوو حكوومەتی هەولێر و بەغدا واژوو كرا، بەڵام سەرەڕای پابەندبوونی حكوومەتی هەرێم بە رێككەوتنەكان، بەڵام بەغدا پابەند نییە، كەچی سەرۆكی حكوومەتی عێراق لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان دەڵێت كێشەی سیاسییان لەگەڵ هەرێم نییە.

ئەمڕۆ هەینی سوودانی لە میانی بەشداریكردنی لە پانیڵێك كە لە لایەن هەردوو دامەزراوەی "ئەلمۆنیتۆر" و "سیمافۆر"ی ئەمەریكی رێك خرابوو، رووناكی خستە سەر چەندان بابەت، لەوانە پێوەندییەكان لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئەو گوتی، هێزە سیاسییەكانی هەرێم بەشێكی سەرەكین لە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت كە حكوومەتی نوێی عێراقی پێك هێناوە، كاتێك رێككەوتنێكی سیاسی بۆ پرەنسیپ و خاڵە گشتییەكان هەیە، پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە و حكوومەتیش جێبەجێیان دەكات.

روونی كردەوە، رەوانەكردنی پارە بۆ هەرێم لە چوارچێوەی یاسای بودجە پێوەندی بە چەند كێشەیەكی دارایی پێشووەوە هەیە كە رووبەڕووی هەرێم دەبنەوە، ئەوەش لە دوای وەستانی هەناردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا بەڕوونی دەركەوت، هەروەها بەهۆی چەند سەختییەك لە یاسای بودجەی 2023ەوە.  

روونی كردەوە، لە دوای سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا چارەسەریمان دۆزییەوە، بۆیە بە بوونی لێكتێگەیشتن و دداننان بە پابەندییە یاساییەكان، چارەسەری هەموو كێشەكان دەدۆزینەوە، رەوانەكردنی پارە بۆ مووچە تا كۆتای ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و بەر لە كۆتایی ساڵیش حیساباتە داراییەكان یەكلا دەكرێنەوە، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی شایستەكانیتر بەردەوامە، لەوانە تاوتوێكردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز. 

سوودانی دووپاتی كردەوە كە تەنگژەیەكی سیاسیمان لەگەڵ هەرێم نییە و ئەوەی هەیە كێشەی دارایی و یاسایین و لە رێوشوێنی دوایی ئەنجوومەنی وەزیران چارەسەرمان كردوون، لەبارەی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێم سوودانی ئاماژەی كرد، وەستانەكە لە دوای بڕیاری دادگەی پاریس بوو كە لەبەرژەوەندی عێراق بڕیاری دا.

روونی كردەوە، لایەنی توركی باسی بوونی چەند كێشەیەكی تەكنیكییان كرد، ئێمە چاوەڕوانی دووپاتكردنەوەی ئەوانمان لەبارەی قەبارەی ئەو كێشانە كرد، ئێستەش چاوەڕوانی ئاماژەدانی ئەوانین بۆ دەست پێكردنەوەی هەناردنی نەوت، چونكە وەستانی پێشێلی رێككەوتنی 1973ی نێوان هەردوو وڵاتە و عێراق بەو هۆیەوە 470 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەست دەدات، ئەوەش كار لە داهاتی بودجەكەی دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل