سوودانی گەڕایەوە

:: PM:05:29:23/09/2023 ‌

دوای ئەوەی یەكشەمی رابردوو بەرەو ئەمەریكا بەڕێ كەوت بۆ ئامادەبوون لە كارەكانی 78مین خولی كۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گەڕایەوە، ئەو لەو ماوەیەدا چەند دیدارێكی ساز كرد و وتەیەكیشی بەناوی عێراق پێشكەش كرد.

بە پێی میدیاكانی عێراق، سوودانی لە پەراوێزی سەردانەكەی چاوی بە ژمارەیەك بەرپرسی وڵاتان كەوت، لەوانە ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان و راوێژكاری ئەڵمانیا و سەرۆك وەزیرانی ئیسپانیا و هۆڵەندا و نەرویج و مالیزیا و لبنان و كوێت، هەروەها سەرۆكەكانی بولگاریا و قوبرس و كۆریای باشوور و ئێران.

سوودانی چاوی بە جێگری سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و وەزیری دەرەوە و بریكاری وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا و نێردراوی سەرۆكی ئەمەریكا تایبەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقیا كەوت، جیا لە كۆبوونەوە لەگەڵ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانی ناتۆ و ژمارەیەك لە سەرۆك و نوێنەری كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، جیا لەوانە بەشداری لە ژمارەیەك پانیڵ كرد و بۆچوونی حكوومەتەكەی سەبارەت بە چەندان بابەتی گرنگ روون كردەوە، لەپاڵ دیداری لەگەڵ ژمارەیەك میدیای ئەمەریكی.  

رەبیع نادر، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیران لەوبارەوە لە تویتێك نووسیویەتی، لە ماوەی شەش رۆژدا سەرۆك وەزیران توانی گوتاری عێراق بگەیەنێت، كە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و بنیاتنانی هاوبەشیی ئابووری و درێژكردنی دەستی هاریكاری بنیات نراوە. 

روونی كردەوە، عێراق جموجۆڵێكی گرنگ و چالاكی لە نیویۆرك هەبوو، كە چەندان كۆبوونەوەی لەگەڵ سەران و سەركردەی وڵاتان گرتەوە و هەموویان خواستی كرانەوەیان بە رووی عێراق و كاركردنی لەگەڵیدا هەبوو، زیاتر لە سەرۆك وڵاتێك خواستی سەردانیكردنی عێراقیان دەربڕی، ئەوەش دەرخەری ئەو دیپلۆماسیەتە بەرهەمدارەیە كە ئەو حكوومەتە گرتوویەتییە بەر و سووربوونی لەسەر دووركەوتنەوە لە پێوەندییەكی شێوەیی، كە گرتنی وێنە بۆ یادگاری تێپەڕ ناكات.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل