وەك بڵێی حكوومەتی عێراق بیەوێ ئەم چەند مانگەی ئەمساڵ بەو شێوەیە بەڕێ بكات، ئەو دوای ناڕەزایەتییەكی گەورەی خەڵكی هەرێمی كوردستان و سەردانی شاندی باڵای حكوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، بڕیاری رەوانەكردنی بڕێك پارەی بە قەرز بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دا، كە تا ئێستە نەگەیشتووە، بەرانبەر بەو دووفاقییەی بەغدا، توێژەرێكی سیاسی پێی وایە گوتارەكانی سوودانی لە ئەمەریكا و لە عێراق لەبارەی هەرێم زۆر جیاوازن.
د. نەوزاد هیتووتی، مامۆستای زانكۆ و توێژەری سیاسی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كاتێك لە ئەمەریكا و نەتەوە یەكگرتووەكان سەبارەت بە هەرێم قسە دەكات، گوتارەكەی زۆر جیاوازە لەو گوتارەی لە بەغدا پێشكەشی دەكات.
روونی كردەوە، سوودانی لە ئەمەریكا دەڵێت، پارە بۆ هەرێم دەنێرین و یارمەتی دەدەین، بەڵام باسی ئەوە ناكا یان ئەو وشە دەشارێتەوە كە ئەو بە قەرز پارە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەگەر نا وەك پێكهاتەیەكی عێراقی مامەڵە لەگەڵ هەرێم ناكات، بێگومان ئەو گوتارە بۆ خۆیان لەسەر سەر ئاستی دەرەوە و بۆ رای گشتی جیهانی زۆر گرنگە، بۆ ئەوەی وای پێشان بدەن كە عێراق یارمەتی هەرێم دەدا و بەغدا هیچ جیاوازییەك لە نێوان هەرێم و بەشەكانی تری عێراق ناكات.
هیتووتی دووپاتی دەكاتەوە، بەڵام كاتێك سوودانی لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم قسە دەكات، گوتارەكەی سەرەوژێر دەكا و وشە هەرە زەقەكەی ئەوەیە كە تەنیا دەتوانێت بە قەرز پارە بداتە هەرێم، تەنانەت گوتەبیژەكەشی باسی ئەوەی دەكرد كە هەرێم سێ ملیار دولار قەرزدارە.
شایەنی باسە زۆرینەی چاودێر و شارەزایانی سیاسی پێیان وایە بەغدا لە جێبەجێكردنی زۆرینەی خاڵەكانی رێككەوتنی سیاسی ناو هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی حكوومەتی سوودانی و رێككەوتنی نەوتی، تەنانەت یاسای بودجەش سارد بووەتەوە و وەك خۆی جێبەجێیان ناكات، ئەوەش بەتەواوەتی بەسەر دۆخی ئابووری هەرێم و بژێوی رۆژانەی خەڵكی هەرێمی كوردستان رەنگی داوەتەوە، بەتایبەتی لە سایەی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، كە پێشتر حكوومەتی هەرێم لەگەڵ داهاتی ناوخۆیی بۆ خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەران بەكاری دەهێنا.