ئۆكراینا كوژرانی فەرماندەیەكی باڵای دەریاوانی رووسیای دووپات كردەوە

:: PM:05:20:25/09/2023 ‌

ئەمڕۆ دووشەم ئۆكراینا كوژرانی فەرماندەی كەشتیگەلی رووسیای لە دەریای رەش دووپات كردەوە، لەوكاتەی یەكەم بارە تانكی جۆری ئەبرامزی ئەمەریكی دەگاتە دەستی ئۆكراینییەكان، رووسیا سەرۆكی دادگەی تاوانە نێودەوڵەتییەكان دەخاتە ناو لیستی داواكراوانەوە.

ئەمڕۆ دووشەم سوپای ئۆكراینا كوژرانی ڤیكتۆر سۆكۆلۆڤ، فەرماندەی كەشتیگەلیی رووسیای لە دەریای رەش لەگەڵ 33 ئەفسەری تری باڵای ئەو گەشتیگەلە لە هێرشە مووشەكییەكەی رۆژی هەینی رابردوو بۆ سەر بارەگەی هێزی دەریاوانی لە سیباستۆبۆل لە نیوچە دوورگەی كرمیا راگەیاند.

سوپای ئۆكراینان لە كەناڵی تایبەت بەخۆی لە تەلەگرام ئەوەشی زیاد كرد كە لە بۆردمانەكەدا 105 كەسی تر بریندارن، جیا لەو زیانە گەورەی بە تەلاری بارەگەی هێزی دەریاوانی رووسیا لە دەریای رەش كەوتووە.

لە لایەكی تر ئەمڕۆ ڤلۆدیمێر زیلینسكی، سەرۆكی ئۆكرانیا رای گەیاند كە تانكە ئەمەریكییەكان لە جۆری ئەبرامز گەیشتوونەتە دەست سوپای وڵاتەكەی، دوو بەرپرسی ئەمەریكیش ئەوەیان دووپات كردەوە كە یەكەم باری ئەو تانكە گەیشتووەتە ئۆكرانیا بۆ بەكارهێنانی لە دژی هێزەكانی رووسیا، ئەوەش لە چوارچێوەی 31 تانكی لەوجۆرە كە ئەمەریكا بەڵێنی رەوانەكردنی بە ئۆكرانیا دابوو.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی ناوخۆی رووسیا ناوی بیوتەر هۆفمانسكی، سەرۆكی دادگەی تاوانە ناودەوڵەتییەكانی خستە ناو لیستی داواكراوان بۆ رووسیا، ئەوەش بە پێی مادەیەكی یاسای سزاكانی تاوان لە رووسیا، ئەو دادگەیەی تا ئێستە رووسیا ددانی پێدا نەناوە. 

شایەنی باسە دادگەكە لە ئاداری رابردوو فەرمانی گرتنی بۆ ڤلادیمێر پوتین، سەرۆكی رووسیا و ماریا لفۆفا بیلۆڤا، سەرۆكی كۆمسیۆنی مافی منداڵ لە رووسیا دەركرد، بەهۆی تێوەگلانیان لە راگواستنی نایاسایی منداڵە ئۆكراینییەكان لەو ناوچانەی رووسیا داگیری كردوون لەو وڵاتە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل