دەخیل: بەهۆی گەندەڵییەكانی وەزارتی كۆچ و كۆچبەران دۆخی ئاوارەكان زۆر خراپە

:: PM:09:20:25/09/2023 ‌

یەكێك لە گەندەڵترین وەزارەتەكانی عێراق وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانە، كە چەندان بەڵگە لەسەر بەهەدەردان و ونبوونی پارەیەكی زۆری تەرخانكراو بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان هەیە، جیا لە گەندەڵی دارایی و بەكارهێنانی سیاسییانەی دۆسییەی ئاوارەكان بە بەستنەوەی یارمەتیدانیان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە، ئەندامێكی فراكسیۆنی پارتی سووربوونی لەسەر هەوڵی لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دووپات دەكاتەوە.

ئەمڕۆ دووشەم ڤیان دەخیل، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێكهاتەی ئێزدی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پەردەی لەسەر نەهامەتی ئاوارەكانی سنووری پارێزگەی دهۆك هەڵماڵی كە لە دۆخێكی خراپدا دەژین، ئاماژەی كرد كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە یەك یان دوو سەبەتەی خۆراكیان پێ دراوە، بۆیە گەندەڵی هەیە و پێویست بە تەواوكردنی هەوڵەكانی بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ ئیڤان فایەق جابرۆ، وەزیری كۆچ و كۆچبەران دەكات.

روونی كردەوە، بەم دواییە سەردانی كەمپی ئاوارەكانم لە دهۆك كرد، چاوم بە دۆخی ئەوان كەوت و دەركەوت دوای نۆ ساڵە ئەوان بەدەست دۆخێكی زۆر خراپی بژێوی و ژیان دەناڵێنن، هۆكارەكەشی بەهۆی ئەو گەندەڵیەیە كە لەناو وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران، بەتایبەتی پێوەست بە سەبەتەی خۆراكەوە هەیە.

دەخیل ئاشكرای كرد، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تەنیا یەك یان دوو سەبەتەی خۆراك لە هەندێك لە كەمپەكان دابەش كراوە، ئەوە سەرەڕای تەرخانكردنی پارەیەكی زۆر بۆ ئەو مەبەستە بۆ وەزارەتەكە، بۆیە ئەو بابەتە زۆر گەورەیە و دزییەكی زۆری تیادایە و لە هەوڵداین بۆ كردنەوەی ئەو دۆسیانە، تا تەواوكردنی دۆسیەی لێپرسینەوە لەگەڵ وەزیری كۆچ و كۆچبەران لە پەرلەمان لەسەر زۆرێك لە دۆسییەكانی وەزارەتەكە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل