تا ئێستە رێكخراوی تیرۆریستی داعش بەتەواوەتی لەناو نەچووە، چونكە ئەو دۆخەی كە بووە هۆی سەرهەڵدانی لە ناوچەكە هەر ماوە، جیا لە سوودلێوەرگرتنی لە لایەن هەواڵگری وڵاتانەوە، هاوكات هەوڵەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داش بە سەرۆكایەتی ئەمەریكا لە سووریا و لە عێراقیش بۆ لەناوبردنی یەكجاریی ئەو رێكخراوە بەردەوامە، لەو ناوەدا گرتنی بەرپرسێكی باڵای رێكخراوەكە هاتە راگەیاندن.
ئەمڕۆ دووشەم سەركردایەتی ناوەندی ئەمەریكا گرتنی بەرپرسێكی باڵای رێكخراوی داعشی لە ئۆپراسیۆنێكی سەركەوتووی سەربازی لە باكوری سووریا لە رۆژی شەمووی رابردوو راگەیاند، كاتێك لە بەیاننامەیەكی ئەو سەركردایەتییە هاتووە، لە ئۆپراسیۆنێكی سەربازی لە رێگەی هەلیكۆپتەر توانرا ئەبو هلیەل فەدعانی، بەرپرسی ئۆراسیۆن و پاڵپشتیی داعش لە سووریا دەستگیر بكرێت.
روونی كردەوە، لە ئۆپراسیۆنەكەدا هیچ كەس لە هاووڵاتییان زیانی بەر نەكەوتووە، دووپاتی كردەوە كە فەدعانی، پێوەندی لەگەڵ تەواوی تۆڕی رێكخستنەكانی ئەو رێكخراوە لە ناوچەكە هەبووە.
ترۆی گارلۆك، گوتەبێژ بەناوی سەركردایەتییەكە دەڵێت، گرتنی بەرپرسانی داعش وەك فەدعانی، توانای ئێمە لە دیاریكردن و كردنەئامانجی تیرۆریستیان و لەناوبردنیان لە گۆڕەپانی جەنگ زیاتر دەكات، دووپاتی كردەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا سوورن لەسەر سەركەوتن بەسەر داعش.