چوار كەس لە ئێران بە تاوانی فرۆشتنی كحوولی ساختە لە سێدارە دەدرێن

:: AM:10:26:27/09/2023 ‌
دادگای ئێران ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار كەس دەركرد كە خواردنەوەی كحوولیی ساختەیان فرۆشتووە، ئەویش بووە هۆی گیان لەدەستدانی 17 كەس و ژەهراویبوونی 191 كەسی تر كە هەندێكیان بیناییان لە دەست داوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 27ی ئەیلوول بڵاوی كردووەتەوە، مەسعوود ستایشی گوتەبێژ بەناوی دەزگای دادی ئێرانی لەبارەی ئەو حوكمەی دادگا رای گەیاندووە، تاوانبارەكان 11 كەسن كە چوار لەوان سزاكەیان سێدارەیە، خواردنەوەی كحوولیی ساختەیان بە خەڵك فرۆشتووە، بەهۆیەوە 17 كەس گیانیان لە دەست داوە و 191 كەسیش ژەهراوی بوون.

ستایشی زیاتر وتوویەتی، تاوانباران كحوولی دەستكردیان لە كارگەیەك ئامادە كردووە كە تایبەتە بە فرۆشتنی كەلوپەلی پزیشكی.

سەرچاوەكە ئاماژەی داوە كە یەك لە تاوانبارەكان، لەبری ئەوەی كحوولی "ئیسانۆڵ" بۆ بەكارهێنانی تەندروستی ئامادە بكرێت، ئەو كحوولی ساختەی ئامادە كردووە بۆ فرۆشتنی، وێڕای ئەوەی تاوانبارەكە دەرچوونی بەشی كیمیایە، كەچی بەبێ ئەوەی رێوشوێنی تاقیكردنەوەكانی مادەكە ئەنجام بدات، بۆ فرۆشتن ئامادەی كردووە.

روونی كردەوە كە تاوانبارێكی تر كە دوكانی فرۆشتنی كەلوپەلی پزیشكیی هەیە، لە ژێر سێبەری كەلوپەلەكانی ناو دوكانەكەی، خواردنەوە كحوولییە ساختەكانی فرۆشتووە، تەواوی تاوانبارەكانی تر هەریەكە و بە جۆرێك دەستیان لە كردەكە هەیە.

دواتریش ئاماژەی داوە كە چوار لە تاوانبارەكان سزای سێدارەیان بۆ دەرچووە و ئەوانی تریش سزاكەیان كەمتر نییە لە پێنج ساڵ گرتن.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د