كازم سەیادی داركارییەکی باش كرا

:: AM:09:08:01/10/2023 ‌
كازم سەیادیی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق كە بەوە دەناسرێتەوە هەمیشە لە هەڵوێستەكانیدا دژی كورد و هەرێمی كوردستان بووە، شەوی رابردوو لە ناوەندی بەغدا لەلایەن كەسانی نەناسەوە، داركاری كرا و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، كازم سەیادیی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، شەوی رابردوو لە ناوەندی بەغدا، دوای ئەوەی لە كەناڵێكی تەلەڤزیۆنیدا دیمانەی هەبوو و دوای دەرچوونی لە كەناڵەكە، لەلایەن چەند كەسێكەوە كە نەناسراون، داركارییەكی باش كرا و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە بۆ چارەسەر.

سەرچاوەیەكی لە پۆلیس رای گەیاندووە، شەڕەكە بە دەستت بووە و چەكی تێدا بەكار نەهێنراوە، بەڵام ئەوانەی لە سەیادییان داوە تا ئێستە نەناسن، بۆیە كەس نەگیراوە، دوای ئەوەی داركارییان كردووە، دەستبەجێ بۆ نەخۆشخانەی "ئیبن سینا" گوازراوەتەوە بۆ چارەسەر.

پێدەچێ لێدانەكە تەنیا بۆ تەمبێكردن بووبێ، وەك پۆلیس گوتوویەتی، مەبەست لە لێدانی سەیادی كردەی تیرۆریستی نەبووە.

سەیادی لە كاتی وەرگرتنی قسەكانی لەلایەن پۆلیسەوە گوتوویەتی، دیمانەی لەگەڵ كەناڵێكی تەلەڤزیۆنی هەبووە و دوای دیمانە كاتێك هاتووەتە دەرەوە، لە شەقامی كەڕادە 42، دوو ئۆتۆمبێل رێیان پێ گرتووە و چەند كەسێكی نەناس دابەزیون و تەقەیان بەرەو ئاسمان كردووە، دواتر بە هەموویانەوە لێیان داوە.

لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بەردەوامە، بەڵام هیچ كەسێكیش بەهۆیەوە نەگیراوە.


وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د