دوای چەند رۆژێك ئەمڕۆ یەكشەم وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە رووداوی ئاگركەوتنەوە لە هۆڵێكی ئاهەنگێڕانی شارۆكەی حەمدانییە لە پارێزگەی نەینەوا راگەیاند، لیژنەكە هۆكاری ئاگركەوتنەوەكەی ئاشكرا كرد و داوای لابردنی ژمارەیەك بەرپرسی شارۆكەكەی كرد، كریستیانەكان پێیان وایە بۆنی پیلانگێڕی دێ و ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە رەت دەكەنەوە.
ئەمڕۆ لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكەی حەمدانییە ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە رووداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمی رووی داوە و داوای لادانی ژمارەیەك بەرپرسی شارۆكەكەی بەوهۆیەوە كرد، چاودێران پێیان وایە ئەنجامی لێكۆڵینەوەكە باسی سزادانی ئەوانە ناكات كە راستەوخۆ لەپشت خاوەن هۆڵەكەوەن، تەنیا باسی ئەوەی كردووە رووداوەكە بەهۆی كەمتەرخەمییەوە روو یداوە و داوای لادانی ژمارەیەك بەرپرسی شارۆكەكەی كردووە.
ئەمڕۆ یەكشەم بندیكتۆس یۆنان حنو، سەرۆكی قەشەكانی سریانی كاسۆلیك لە پارێزگەی نەینەوا بەتەواوەتی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لیژنەكەی حكوومەتی عێراقی بۆ رووداوەكەی حەمدانییە و بڕیارەكانیشی لەسەر بنەمای ئەو ئەنجامانە دراون رەت كردەوە.
وەك ئاژانسی
"ئینا"ی ئاشووری بڵاوی كردەوە، حنو رەتكردنەوەی ئەو ئەنجامانەی بەتەواوەتی لە لایەن كڵێسا و لادانی ژمارەیەك بەرپرسی باڵای شارۆكەكەی راگەیاند كە زۆرنەی كریستیانە، دووپاتی كردەوە كە هەست بەوە دەكات پیلانگێڕییەكی سیاسی لەپشت پرۆسەی لادانی بەرپرسانی كریستیان شەرۆكەكە هەیە.
حنو ئاماژەی كرد، ئەمڕۆ كڵێسا لەگەڵ پیاوانی تری ئاینی لە حەمدانییە كۆ دەبێتەوە و لە ماوەی 24 سعاتی داهاتوو یەك هەڵوێست رادەگەیەنن، ئاشكرای كرد كە چەند لایەنێك هەوڵی سوودبینین لەو كارەساتە بۆ مەبەستی سیاسی دەدەن، داواشی لە كریستیانەكان كرد كە وەك كاردانەوە بەرانبەر بەو هەوڵانە بایكۆتی هەڵبژاردنی داهاتوو بكەن.
دووپاتی كردەوە كە دەیانەوێ رووبەڕوونەوەیەكی راستەقینەی گەندەڵی هەبێت و راپۆرتێكیش بێتە راگەیاندن كە دڵیان ئاو بخواتەوە، بۆیە رەتی دەكەنەوە كە یاری ئاگرین هۆكاری ئاگرەكە بێت، ئەوەش بەهۆی بوونی دەیان گرتەی ڤیدیۆیی كە پێچەوانەوەی ئەوە دەسەلمێنن.