فڕۆكەكانی توركیا بەچڕی بارەگەكەكانی پەكەكە بۆردمان دەكەن

:: PM:11:37:01/10/2023 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم هێرش كرایە سەر تەلاری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایش سەر بە وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە ئەنقەرە، دوای هێرشەكە پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارەتی خۆی لە ئەنجامدانی راگەیاند، وەزارەتی بەرگری توركیاش دەڵێت 20 ئامانجی پەكەكەیان بۆردمان كردووە.

وەزارەتی بەرگری توركیا وردەكاریی هێرشەكانی بۆ سەر بنكە و بارەگەكانی پەكەكە لە هەرێمی كوردستان راگەیاند، لەبەیاننامەیەكدا دووپاتی كردەوە كە هێرشی فرەوانی ئاسمانیان كردووەتە سەر بارەگەكانی پەكەكە لە چیاكانی مەتین و قەندیل و گارە و خواكورك لە هەرێمی كوردستان، و بەو هۆیەوە 20 ئامانجی ئەو حزبەیان پێكاوە. 

وەك لە بەیاننامەكەدا هاتووە، هێرشەكان سعات 21:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ كراوە و چەندان حەشارگە و تونێل و ئەمباری چەك و تەقەمەنی ئەو حزبە بۆردمان كراون.

شایەنی باسە بەیانیی ئەمڕۆ یەكشەم هێرشێكی خۆكوژی كرایە سەر تەلاری وەزارەتی ناوخۆی توركیا لە ئەنقەرە، كاتێك كەسێك كە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژكراوی بەستبوو، هێرشی كردە سەر پاسەوانەكانی تەلارەكە و خۆی تەقاندەوە، دوای ئەوە وەزیری ناوخۆی توركیا كوشتنی دوو هێرشبەری راگەیاند. 

هەر ئەمڕۆ دوای هێرشەكە پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارەتی ئەنجامدانی هێرشەكەی راگەیاند، كە یەكەم هێرشە لە ئەنقەرە لە ماوەی چەند ساڵێكدا.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل