وەزیری وزەی توركیا دەڵێت، لە ئەمڕۆوە هێڵی گواستنەوەی نەوت لە بەندەری جەیهان بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت ئامادەیە، لەگەڵ عێراق كار بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكەن.
ئەمڕۆ دووشەم دووی تشرینی یەكەم، ئاڵپ بایراكتار وەزیری وزەی توركیا رای گەیاند، ئەم هەفتەیە كاركردن لە بۆڕییەكەی نێوان عێراق و توركیا بۆ هەناردەی نەوت دەست پێ دەكاتەوە.
زیاتر گوتی، دوای دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنیش، رۆژانە نیو ملیۆن بەرمیل لە رێی هێڵی نەوتی عێراق و توركیا هەناردەی بازاڕەكانی دنیا دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، زیاتر لە 40 ساڵە رۆژانە نزیكەی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت لە رێی بەندەری جەیهانەوە هەناردەی بازاڕەكانی دنیا كراوە، ئێستەیش بۆڕییەكە بۆ هەناردەكردن ئامادەیە و لەم هەفتەیەدا كار بۆ هەناردەكردنەوەی نەوت دەكەن.
ڕۆژی 22ـی ئاب، وەزیری وزەی توركیا سەردانی عێراقی كرد، لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەبارەی نەوتی كوردستان كۆبوونەوەی هەبوو، بەڵام ئەنجامی كۆبوونەوەكە رانەگەیەنرا.
هەناردەكردنی نەوتی كوردستان لە 25ـی ئادار وەستاوە، ئەوەیش دوای بڕیارەی دادگای پاریس.