راپۆرتێكی ئەمەریكی ئاشكرای دەكات كە دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل ساڵێك پێش ئێستە ئاگاداری پلانی هێرشەكەی "حەماس" بوون، بەڵام گرنگییان پێی نەدا و بە خەیاڵییان زانیوە.
ئەمڕۆ هەینی 1ی دێسمبەری 2023، تۆڕی CNN ی ئەمەریكی لە زاری نووسەرێكی رۆژنامەی " نیۆرك تایمز" "رۆنین بێرجمان" گواستییەوە، هەواڵگری ئیسرائیل ساڵێك دەبێت ئاگەداری پلانی هێرشەكەی حەماسن كە لە حەوتی تشرینی یەكەمی رابردوو رووی دا.
نووسەرە ئەمەریكیەكە روونی كردووەتەوە، گەورە راوێژكارانی هەواڵگری و شرۆڤەكارانی سەربازی پێیان وابووە ئەوەی حەماس دەیكات بۆ هێرش كردن نییە، بەڵكو پلانێك بووە بە ئاراستەی خۆ پڕچەككردن و بەهێز كردن و پێیان وابووە حەماس دوورە لە توانای ئەنجامدانی هێرشێكی لەم جۆرە.
رۆنین بێرجمانی نووسەر ئاماژەی بەوەیش كردووە، لە یەكەی 8200 ئەم زانیاریی و شرۆڤانە دراون بە یەكەی هەواڵگری ئیسرائیل، بەڵام گەورە ئەفسەرانی هەواڵگری وەڵامی ئەم شرۆڤە و زانیارییانەیان بەوە داوەتەوە "پلانەكان خەیاڵین و ناتوانن بیكەن".
بێرجمان زیاتر نووسیوویەتی، ئەگەر دەزگای بەرگری ئیسرائیلی ددانینابا بە توانای حەماس لە ئەنجامدانی هێرشێكی لەم جۆرە، ئەنجامەكەی هەرگیز وەك ئەوەی ئێستە نەدەبوو.