سوودانی هۆشداریی دایە ئەمەریکا

:: PM:04:54:02/12/2023 ‌
لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا محەمەد شیاع سوودانی هۆشداریی داوەتە ئەمەریکا لەوەی لە دوای دەست پێ کردنەوەی شەڕی غەزە، ئەمەریکا لە ناو خاکی عێراقدا هیچ هێرشێک ئەنجام نەدات.

ئەمڕۆ شەموو دووی كانوونی یەكەمی 2023، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێوەندییەکی تەلەفۆنیی پێ گەیشت لە لایەن ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەدا سوودانی بە ئەمەریکای ڕاگەیاندووە خۆیان بەدوور بگرن لە ئەنجامدانی هەر هێرشێک لەناو خاکی عێراق.

دانانی ئەم سنوورە لەلایەن شیاع سوودانییەوە بۆ ئەمەریکا دوای ئەوە دێت، کە لە ڕۆژی 22ی تشرینی دووەم ئەمەریکا لە ڕێگەی دوو فڕۆکەی جەنگییەوە دوو ئامانجی سەر بە میلیشیاکانی ئێرانی پێکا لەناو خاکی عێراقدا، لە ئەنجامدا نۆ چەکداری سەر بە میلیشیاکانی ئێران کوژران.

لەگەڵ ئەوەی کە سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە ئەمەریکا کردووە کە هێرش لەناو خاکی عێراقدا ئەنجام نەدەن، دڵنیایی دراوەتە بلینکن کە عێراق پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئەستۆ دەگرێت.

لە دوای حەوت ڕۆژ لە ئاگربەست، شەڕی غەزە دووبارە دەستی پێ کردەوە و ئێستە وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل پەلە دەکەن لە گرتنەبەری ڕێ وشوێنی پێویست بۆ خۆپاراستن لە گواستنەوەی شەڕەکە بۆ ناو وڵاتەکانیان، تەنیا ئەمڕۆ سێ لە چەکدارانی حزبوڵای لبنانی لەلایەن ئیسرائیلەوە کوژراون، ئەمەیش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا مەترسییەکانی فراوانبوونی شەڕەکە کۆتاییان پێ نەهاتووە.


وشە - ئارا هێمن