ئەمشەو فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە شەوی رابردوو هێزەكانیان رووبەڕووی ژمارەیەك چەكداری سەر بە میلیشیاكان لە عێراق لە نزیك كەركووك بوونەتەوە، كە پێنج چەكدار بوون و هەموویان كوژراون.
ئەمشەو فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە لە 3ی ئەم مانگە لە نزیك شاری كەركووك، هێزە تایبەتەكانی فرقەی كاری هاوبەشی "CJTF-OIR"، رووبەڕووی پێنج چەكداری میلیشیاكان بوونەوە كە سەرقاڵی هەڵدانی درۆنێك بوون، بۆیە هێزەكانمان وەك بەرگریكردن لە خۆیان لە رێگەی درۆنەوە ئەوانیان كردە ئامانج و هەموو چەكدارەكان كوژران و درۆنەكەش لەناو برا.
بەپێی بەیاننامەی فەرماندەییەكە، هێزە تەناهییەكانی عێراق لە هێرشەكە ئاگەدار كرانەوە و دووپات لە كوژرانی چەكدارەكان و تێكشكانی درۆنەكە كرایەوە، راشی گەیاند كە ئەمەریكا لە بەرگریكردن لە بەرژەوەندییەكانی و گیانی ئەندامانی هێزی هاوپەیمانان بەردەوام دەبێت.
شایەنی باسە لە 2ی ئەم مانگە لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا باسی ئەو هێرشانەیان كرد، سوودانی بە بلینكنی راگەیاند كە ئەو هێرشانە لەسەر خاكی عێراق رەت دەكەنەوە، هاوكات بلینكن سەلامەتیی گیانی ئەمەریكییەكانی لە عێراق خستە ئەستۆی حكوومەتی عێراق.