سەرۆك كۆماری توركیا هەڕەشەی "هێرشی لەناكاو"ی بۆ ئەو لایەنانە كرد كە پاڵپشتی و هاوكاری پارتی كرێكارانی كوردستان دەكەن و رای گەیاند، هەرگیز رێگە نادەن كیانی تیرۆر لە وڵاتەكەیان و سوریا و عێراق دابمەزرێ.
ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەمی 2023، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە كۆبوونەوەیەكی جەماوەری رای گەیاند، هەرگیز رێگە بە دروست كردنی كیانی تیرۆری نادەن لە توركیا و عێراق و سوریا.
لە درێژەی گوتەكانیدا ئەردۆغان بە هەڕشەوە گوتی، زۆر باش دەزانین كێن ئەوانەی خەریكن ئەم كارە دەكەن و كێ لەگەڵ كێ مامەڵە دەكات، گوتیشی، دەست ناپارێزین لە هێرشێكی لەناكاومان لە شەوێكدا بۆ لەباربردنی ئەم سیناریۆیانە، باش ئاگاداری ئەو هەوڵانەین كە دەدرێ لەپێناو زیندووكردنەوە و گەشەسەندنەوەی رێكخراوی تیرۆرستیی "پەكەكە" كە ئێستە لە سەرەمەرگن بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانمان.
جێگەی باسە پێشتر گەورە بەرپرسێكی كورد بە "
عەرەبی جەدید"ی راگەیاند، لە دوای 2014 و شەڕی دژ بە داعش، پەكەكە توانیویەتی تۆڕێكی فراوان لە سەرچاوەی پاڵپشتیی دارایی بۆ خۆی دروست بكات، كە لەوەی لە ئەوروپا هەیەتی فراوانترە واتە (ئەو پارەی لە ئەندامان و كوردانی ئەوروپای كۆ دەكاتەوە)، ئەوەش لە رێگەی بازرگانیكردن لە سنوورەكانی عێراق و سووریا، جیا لە سوودوەرگرتنی لە پاشماوەی چەك و تەقەمەنییەكانی داعش لە رێگەی كڕینەوەیان لە میلیشیا شیعەكان و لایەنی تری عێراقی بە نرخێكی كەم.
رێبین سەلام، توێژەر لەو بارەیەوە گوتی، چەكدارانی پەكەكە هاوئاهەنگییان لەگەڵ گرووپە چەكدارییە ناسراوەكانی ناو حەشدی شەعبی هەیە، جیا لەوە ئەوان بە تەواوەتی كۆنترۆڵی شارۆكەی شنگال دەكەن و باج و سەرانە بەسەر دانیشتووانی ئەو دەڤەرە دەسەپێنن، واتە پارەیان لەوان دەست دەكەوێت و بەو پارەیەش چەك دەكڕن، لەوانەش چەكی قورس.
لای خۆشیەوە نوری شمەری، ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزە عەرەبییەكان لە شنگال ئاماژەی كرد، ئێستە پەكەكە كۆنترۆڵی دەروازەیەكی سنووری لەگەڵ سووریا لە گوندی ئوم زیبان لە شنگال كردووە، لە بەرانبەریشی هەسەدە كۆنترۆڵی بەرەی سووریای ئەو دەورازەیە دەكات، بۆیە بوارێكی تەواو ئازاد هەیە بۆ كاری قاچاخی و ئەنجامدانی چالاكیی نهێنی و قەدەغەكراو، لەوانە پەڕاندنەوەی فەرماندە و ئەندامانی داعش و هێنانیان لە سووریاوە بۆ ناو عێراق و بە پێچەوانەشەوە.
هەروەها روونی كردەوە، بەهۆی ئەو كارانەوە چەكدارانی پەكەكە پارەیەكی زۆریان دەست دەكەوێت، بەتایبەتی لە پەڕاندنەوەی كەسانی داواكراو لە لایەن عێراق و سووریاوە، هەروەها چەكدارانی پەكەكە كاری قاچاخیی مەڕوماڵات و ئاسن و پۆڵا و مادەی هۆشبەریش دەكەن، هەموو ئەوانەش وا دەكەن بتوانن چەكی پێشكەوتوو بكڕن.