گرتنی ماتۆڕسكیل دەستی پێ‌ كرد

:: AM:09:08:07/12/2023 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆ ڕای دەگەیەنێت، لە ئەمڕۆوە مەفرەزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی گشتیی عێراق، دەست بەسەر ماتۆڕسكیلە تۆمارنەكراوەكان دەكەن، ئەوەیش دوای ئەوەی پێنج ڕۆژ بۆ تۆماركردنیان دیاری كرابوو، كاتەكەی تەواو بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، میقداد میری گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕای گەیاند، ئەمڕۆ مەفرەزەكانی هاتوچۆ دەستبەسەرداگرتنی ماتۆڕسكیلەكان دەست پێ‌ دەكەنەوە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ كۆتایی هات بەو ماوەیەی كە پێنج ڕۆژ زیاد كرابوو بۆ تۆماركردنی ماتۆڕسكیلەكان، كە پێشتر بۆ ماوەی 90 ڕۆژ كات دیاری كرابوو تا هاووڵاتییان تۆماری ماتۆڕسكیل بە هەموو جۆرەكانی دوو تایە و سێ و (توك توك) بكەن.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ماتۆڕسكیلانەی هیچ سەرەتایەكیان نییە، لە ماوەی پێنج ڕۆژدا نەخراونەتە ناو ئەو پرۆسەی تۆمارە، ئەوانیش بەر هەڵمەتی گرتن دەكەون یان ساڵیانەیان ون بووە.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ناوخۆ، ئێستە مەفرەزەكانی هاتوچۆ لە شارەكانی عێراق سەرپشك كراون بۆ ئەوەی هەستن بە گرتنی ماتۆڕسكیلەكان، هیچ كات و دەرفەتێكی تریش بە خاوەن ماتۆڕسكیلەكان نادرێ‌.


وشە - رامیار جەواد