بەهۆی هێرشەكەی سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا سوودانی چەند رێوشوێنێكی راگەیاند

:: PM:04:50:09/12/2023 ‌

دوای كردنەئامانجی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا لە لایەن میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانەوە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق جیا لە سەركۆنەكردنی هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان لە عێراق، وەرگرتنی چەند رێوشوێنێكی راگەیاند، ئەو ژمارەیەك ئەفسەر و كارمەندی تەناهی داوەتە لێكۆڵینەوە، جیا لە گۆڕینی فەوجی سەرۆكایەتیی بە فەوجێكی تایبەت بۆ گرتنە دەستی ئاسایشی ئەو ناوچەی هێرشەكەی تیادا رووی داوە.

شارەزایان، تەنانەت ئەمەریكاش گومانیان لەوە هەیە سەرۆك وەزیرانی عێراق بتوانێت رووبەڕووی میلیشیاكان ببێتەوە یان بتوانێت رێگرییان لێ بكات، ئەو قسانەشی سەبارەت بە رێگەنەدان بە ئەمەریكا بۆ وەڵامدانەوەی راستەوخۆی میلیشیاكان، تەنیا بۆ راگەیاندنە و دەزانێت كە هەر پەرەسەندنێكی دۆخەكە ئەو زەرەرمەندی گەورەیە و ئەگەری رووخانی حكوومەتەكەی هەیە.

لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژ بە ناوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت، بە رێنوێنی و چاودێریی سوودانی، بۆ ئاشكراكردنی راستی رووداوی هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق و بارەگەی دەزگەی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەك تەلاری نیشتەجێبوون لە ناوچەكە، تیمێكی كاری هاوبەش بۆ لێكۆڵینەوە لە بەرپرسانی تەناهی لەو ناوچەی هێرشەكەی تیادا رووی داوە، پێك هێنراوە.

ئاشكرای كرد، لەو چوارچێوەدا ژمارەیەك ئەفسەر و كارمەندانی تەناهی لە ناوچەی روودانی هێرشەكە سزا دران و رەوانەی لێكۆڵینەوە كران، بۆ لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمەكان، جیا لە گۆڕینی فەوجی سەرۆكایەتی بە فەوجێكی تایبەت بۆ گرتنەدەستی ئەركی پاراستنی ئاسایشی ئەو ناوچەیە، ئێستەش تیمەكە بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان سەرقاڵی راوەدوونانی ئەنجامدەرانی تاوانەكەیە بۆ گرتنیان و پێشكەشكرنیان بۆ دادگە بۆ ئەوەی سزای خۆیان وەربگرن، ببنە پەندیش بۆ هەر كەسێك رێگە بە خۆی بدات بۆ ئەنجامدانی كاری لەو شێوەیە.

رەسووڵ دووپاتی كردەوە كە رێوشوێنە تەناهییەكان بەرانبەر بەوانەی هێرشەكەیان ئەنجام داوە توند دەبێت، بە تایبەتی كاتێك هێزە تەناهییەكان گەیشتوونەتە سەرەداوی گرنگ لەبارەیانەوە، جیا لەوە دەسەڵاتی فرەوان بە هێزە تەناهییەكان دراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی هەر كەسێك دەست بۆ ئاسایشی نێردە دیپلۆماسییەكان و شوێنی راوێژكارانی ناودەوڵەتی ببات و بە هیچ شێوەیەك دەست لەو بابەتەدا سووك ناكرێت.

سەرچاوەیەكی تەناهی دوێنێ هەینی رای گەیاند كە باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە عێراق بە چەند گولەهاوەنێك كراوەتە ئامانج، هێرشەكە لە ناوچەیەكی نزیك لە تەلاری نوێی بانكی ناوەندیی عێراق لە شەقامی ئەبو نواس لە كەرادە لە ناوەڕاستی بەغدا ئەنجام دراوە، هێزە تەناهییەكانیش لە ناوچەكە دەستیان بەسەر چەند سەكۆیەك و سێ گولە هاوەندا گرتووە، كە بۆ هەڵدان ئامادە كرابوون.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل