ئۆکراینا سەرکۆنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا دەکات لە وڵاتەکەی

:: PM:05:16:09/12/2023 ‌
بڕیارە لە بەهاری ساڵی داهاتوو، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بەڕێوە بچێت، ڕووسەکان پلانیان وایە لەو ناوچانەی ئۆکرایناش کە لە لایەن هێزەکانیانەوە کۆنتڕۆڵ کراون، هەڵبژاردن ئەنجام بدەن.

"ڤالێنتینا ماتڤیێنکۆ" ژنە سەرۆکی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی ڕووسیا، کە بە ئەنجوومەنی باڵاش ناسراوە، لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە گوتی، دانیشتوانی ئەو چوار هەرێمەی ئۆکراینا، کە ئێستە لەلایەن ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراون، دەتوانن وەک هەر تاکێکی ڕووسیا بچنە سەر سندوقوکانی دەنگدان و دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بدەن.

دوا بە دوای ئەم ڕاگەیاندنەی ڕووسەکان، حکوومەتی ئۆکراینا لە بەیاننامەیەکدا، داوای لە وڵاتانی دنیا کرد کە سەرکۆنەی ئەم هەوڵەی ڕووسیەکان بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەو چوار هەرێمە داگیرکراوەی ئۆکراینادا، داواکارن هاوپەیمانانیان سزای ئەو کەس و لایەنانەش بدەن کە هەڵبژاردنەکە ڕێک دەخەن و بەشدار دەبن تێیدا.

ئۆکراینا لە ڕاگەیەنراوەکەیدا هۆشداری دەداتە ئەو ڕێکخراو و کەسایەتییانەی کە لە بواری هەڵبژاردنەکاندا کاریگەرییان هەیە و دەڵێت، نابێت بچن سەرپەرشتی ''پاک و بێگەردی'' ئەو هەڵبژاردنانە بکەن، چونکە هەڵبژاردنی ڕووسیا هیچ شەرعییەتێکی نییە.

بەم دواییە پوتن دووپاتی لە کاندید بوونی خۆی کردەوە لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی داهاتوو، کە بڕیارە لە مانگی ئاداردا ئەنجام بدرێت، بە دەرچوونی پوتن تا 2030 کورسیی سەرۆکایەتییەکەی خۆی دەپارێزێت و لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە.

پێشتر ڕووسیا ڕیفراندۆمی لە چوار هەرێمە کۆنتڕۆڵکراوەکەدا ئەنجام دا، سەرەڕای بەگژداچوونەوەی گشتپرسیی ڕووسیا لەلایەن ئۆکرایناوە، بەڵام ڕووسیا سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانی گشتپرسییەکە، هەرچەندە زۆربەی وڵاتانی جیهان ددانیان بە ئەنجامەکەیدا نەنا.

جێی باسە لە ئەنجامی هێرشەکەی ڕووسیا لە شوباتی ساڵی 2022 بۆ سەر ئۆکراینا، تا ئێستە ڕووسیا توانیوەیەتی دەست بەسەر هەریەکە لە هەرێمەکانی ئۆبلاستەکانی دۆنێتسک، خێرسۆن، لوهانسک و زاپۆریژژیای ئۆکراینادا بگرێت.


وشە - ئارا هێمن