دوای بۆردمانی دوێنێی هەینیی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئالینا رۆمانۆوسكی، باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق رای گەیاند كە ستایشی هەڵوێستی حكوومەتی عێراق بۆ راوەدوونانی ئەنجامدەرانی هێرشی سەر ئەندام و دامەزراوەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دەكەن، دووپاتی دەكاتەوە كە كاتی وەرگرتنی رێوشوێن و بە ئەنجام گەیشتنە.
ئەمڕۆ شەموو
رۆمانۆوسكی لە پۆستێك لەسەر تۆڕی ئێكس نوسیویەتی، ستایشی پابەندیی حكوومەتی عێراق بە راوەدوونانی ئەنجامدەرانی هێرشەكەی سەر كەس و دامەزراوەكانی ئەمەریكا و هاوپەیمانان دەكەین، هەروەها پێشوازی لە لێدوانی هێزە سیاسییە سەرەكییەكانی عێراق دەكەین، كە سەركۆنەی هێرشە تیرۆریستییەكەیان كرد، دووپاتی كردەوە كە كاتی هاتووە رێوشوێن وەربگیرێت و بگەین بە ئەنجام.
شەوی رابردوو دوای هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا پێوەندیی تەلەفۆنی بە سوودانییەوە كرد و سەبارەت بەو هێرشەكە گفتوگۆیان كرد، لە دیدارەكەدا ئۆستن داوای لە سوودانی كردووە كە حكوومەتەكەی بە ئەركی خۆی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەكان و بنكەی سەربازییەكانی ئەمەریكا هەڵبستێت، سوودانیش داوای لێ كردووە كە ئەمەریكا راستەوخۆ میلیشیاكان نەكاتە ئامانج.