هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپ: بەناوی قەیوم هەموو سەرۆك شارەوانییەكانیان لێ دزین

:: PM:01:43:10/12/2023 ‌
هاوسەرۆكی گشتیی هەدەپ ڕای گەیاند، ئەوەی حكوومەتی توركیا بەرانبەر دارستانەكانی باكوری كوردستان دەیكات تاوانە، ناكرێ بەبیانووی پەكەكەوە لەو ناوچەیە هەرچی گیانەوەرە لەناو ببرێت.

لە كۆبوونەوەی جەماوەریی پارتەكەیدا لە پارێزگای ئایدنی توركیا، تولای هاتیمئۆغوڵاری هاوسەرۆكی گشتیی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان رای گەیاند، بۆ ئەم هەڵبژاردنە هیچ هاوپەیمانییەكی شاراوە قبووڵ ناكەن.

 هاوسەرۆكی هەدەپ گوتی، لە جوودی بە مانایەكی جیاواز دار دەبڕن، ئەوان وادەزانن بەرەنگاری تیرۆر دەبنەوە. لە كاتێكدا ئەوان بە بڕینی ئەو دارانە، دڵ و جگەری خەڵك دەبڕن. ئەوان دوژمنایەتیی خۆیان بە بڕینی داریش پێشان دەدەن.

 لە بەشێكی گوتارەكەیدا باسی لە هەڵبژاردنی شارەوانی كرد كە بڕیارە 31-03-2024 بەڕێوە بچێت. هاتیمئۆغوڵاری گوتی، " هەوڵ دەدەین شارەوانییەكانی كوردستان و توركیا ببەینەوە. لیژنەكانمان ئێستە فۆرمی بەربژێربوون لە هەموو لایەكەوە وەردەگرن. ئەوە دوو خولە  قەیوم لە جێگەیان دادەنرێ. قەیوم هاوتایە لەگەڵ دزی. ئەوانەی سەرۆكی شارەوانیی قەیوم دەكەن، دزن. 

لە 19ی ئابی 2019 دانانی قەیوم لە شوێنی سەرۆك شارەوانییەكانی هەدەپە دەستی پێ كرد، پارتی دیموكراتی گەلان، هەدەپە 31ی ئاداری 2019 لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا شارەوانییەكانی سێ گەورەشار، پێنج شار، 45 شارۆكە و 12 شارەدێی بەدەست هێنا و بووە خاوەنی 65 شارەوانی. 
 
 




وشە - سۆران عەزیز