بڕیارە ئەمڕۆ شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەردانی سلێمانی بكات و لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی 10ـی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گفتوگۆ بكەن.
ئەمڕۆ چوارشەم 27ـی تشرینی دووەم، دڵشاد شەهاب ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەمڕۆ شاندی پارتی بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی دەیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی شاری سلێمانی دەكات.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی 10ـی حكوومەت دەست پێ دەكات.
رۆژی سێشەم 26ـی تشرینی دووەم، دڵشاد شەهاب گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ڕۆژی دووشەمی داهاتوو یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت.
زیاتر گوتی، دانیشتنەكەی پەرلەمانی كوردستان لە سەعات 11ـی پێش نیوەڕۆ دەست پێ دەكات.
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان باسی لەوە كرد، دوای گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییە براوەكانی پەرلەمانی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەرسوومی هەرێمی بۆ یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی هەڵبژێراوی كوردستان دەركرد.
لە بەشێكی قسەكانیدا روونی كردەوە، بەپێی مەرسوومەكە بانگهێشت بۆ سەرجەم كاندیدە دەرچووەكان دەركراوە كە ڕۆژی دووی كانوونی یەكەمی 2024، ئامادەبن بۆ گرێدانی یەكەم كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان.
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی لە 20ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵ بەڕێوە چوو.