ئەمەریكا هەڵمەتێكی سەربازی لە دژی حوسییەكان دەست پێ دەكات

:: PM:09:53:15/03/2025 ‌

دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو حوسییەكانی یەمەن دەستكردنیان بە كردنەئامانجی رێڕەوی دەریایی لە ناوچەكە بە ناوی رێگرتن لە كەشتییە بازرگانییەكانی ئیسرائیل راگەیاند، ئەمڕۆ هێزە ئاسمانی و دەریاییەكانی ئەمەریكا دەستیان بە هەڵمەتێكی چەند رۆژی بۆ سەر حوسییەكان كرد و چەند ئامانجێكیان لە سەنعای پایەتەختی یەمەن و ناوچەی تریش بۆردمان كرد.

بەپێی بەرپرسانی ئەمەریكا ئەو هێرشەی ئەمشەو سەرەتای هەڵمەتێكی سەربازییە كە چەند رۆژێك دەخایەنێت و تیایدا جبەخانەی چەكی حوسییەكان وێران دەكەن، جیا لەوە پەیامێكی وریاكردنەوەشە بۆ ئێران، رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكی دەڵێت، ئەمڕۆ ئەمەریكا دەستی بە وەشاندنی گورزی گەورەی سەربازی بۆ سەر دەیان ئامانجی حوسییەكان لە یەمەن كردووە.

بەپێی راپۆرتەكان ئەو هێرشانە لە لایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانی ئەنجامدانیان دراوە و رادار و سیستمی بەرگریی ئاسمانی و سیستمی مووشەكی و درۆنی حوسییەكان دەگرێتەوە، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ كردنەوە و پاراستنی رێڕەوە دەریاییەكان لە دەریای سوور، كە لە ماوەی رابردوو بەهۆی هەڕەشە و هێرشی حوسییەكانەوە پەكیان كەوتبوو.

بەرپرسانی ئەمەریكا دەڵێن، ئەو بۆردمانانە گرنگترین چالاكیی سەربازی دووەم ماوەی سەرۆكایەتیی ترەمپە و مەبەستێكی تری وریاكردنەوەی ئێرانە، لەو كاتەی ترەمپ دەیەوێ لەگەڵ تاران بگات بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی بۆ رێگرتن لە بوونی بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، بەرپرسانی ئەمەریكا ئاشكرایان كرد كە هێرشەكانیان جبەخانەی چەكی حوسییەكان لە ژێر زەوی دەگرێتەوە و رەنگە هێرشەكان چەند رۆژێك بەردەوام بن و بەپێی وەڵامدانەوەی ئەوان بەهێزتر دەبن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل