دوو چەكداری داعش گیران

:: PM:01:07:21/03/2025 ‌
فەرماندەیی هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا، گرتنی دوو چەكداری لە پارێزگای سەڵاحەدین راگەیاند.

فەرماندەییەكە ئەمڕۆ هەینی 21ی ئادار لە راگەیانراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، فەوجەی سێی لیوای سێی فەرماندەیی فیرقەی بەرپەرچدانەوەی خێرا لە وەزارەتی ناوخۆ، توانیان دوو تیرۆریستی داع*ش* لە گوندی غامس لە رۆژهەڵاتی پارێزگای سەڵاحەدین بگرن.

فەرماندەییەكە دەڵێت، ئۆپەراسیۆنی دەستگیركردنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەشی هەواڵگری وەڵامدانەوەی خێرا ئەنجامدراوە، تیرۆرستانەكان رادەستی دەسەڵاتە لایەنە پێوەندیدارەكان كراون.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی 19ی ئەم مانگەش ژمارەیەك چەكدار لە سنووری گوندی قوڕی چای لە نێوان خورماتوو و كفری، ھێرشیان كردە سەر لیوای 88ـی فەوجی دووی سوپای عێراق و رووبەڕووبوونەوە روویداوە، هەروەها چەكدارێكی داعش خۆی تەقاندەوە.



وشە - سۆران عەزیز