ئیسرائیل دیمەشق و فڕۆكەخانەیەكی سەربازیی سووریای بۆردمان كرد

:: PM:10:43:02/04/2025 ‌
ئەمشەو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانییان كردە سەر سووریا، ئاژانسی هەواڵی سووریاش "سانا" وردەكارییەكانی بۆردمانە ئاسمانییەكانی ئەمشەوی بڵاو كردووەتەوە. 

ئەمشەو چوارشەم، دووی نیسانی 2025، ئاژانسی فەرمیی هەواڵی سووریا بڵاوی كردەوە، یەكێك لەو شوێنانەی ئەمشەو ئیسرائیل بۆردمانی كردووە دەوروبەری باڵەخانەی توێژینەوە زانستییەكان بووە لە ناوچەی بەرزە لە دیمەشقی پایتەختی سووریا. 

لەلایەكی تریشەوە، "عەرەبییە - حەدەس" بە پشتبەستن بە چەند سەرچاوەیەكی سووری بڵاوی كردووەتەوە، هەر ئەمشەو ئیسرائیل 12 جار بۆردمانی فڕۆكەخانەی حەمای سەربازیی كردووە لە سووریا، هەروەك ئاماژەشی كردووە لە ئەنجامی بۆردمانەكانەوە چەندان بریندار هەن. 

سەرچاوەكە ئەوەیشی گوتووە، یەكێك لە بۆردمانەكانی سەر فڕۆكەخانەی حەما، فڕۆكەیەكی جەنگییان لە فڕۆكەخانەكە بە ئامانج گرتووە.


وشە - رزگار خدر