ماوه‌یه‌كی زۆره قسه‌وباس له‌باره‌ی گرووپه چه‌كداره‌كانی عێراقی سه‌ربه ئێران ده‌كرێت كه ئه‌مه‌ریكا داوای چه‌ككردنیان ده‌كات. ئه‌وان كه چالاكییه سه‌ربازییه‌كانیان له دژی ئیسرائیل و ئه‌مه‌ریكا به‌ناوی "مقاوه‌مه" ئه‌نجام ده‌دا، ئێسته ئه‌و گرووپانه ئاماده‌ن چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن و خۆیان له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه رزگار بكه‌ن كه ئه‌مه‌ریكا لێیان ده‌كات.
پێگه‌ی "
عه‌ره‌بیه" ئه‌مڕۆ دووشه‌م حه‌وتی نیسان بڵاوی كردووه‌ته‌وه، پێشتر چه‌ند جارێك ده‌سه‌ڵاتی عێراق رای گه‌یاندووه كه ده‌یانه‌وێ خۆیان له‌و مه‌ترسییه‌ی رووی له ناوچه‌كه‌یان كردووه بپارێزن. ئێسته چه‌ند به‌رپرسێكی گه‌وره‌ی عێراق ده‌ڵێن، ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی له نێوان محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێران كراون، ئه‌نجامی ئه‌رێنییان هه‌بووه و گرووپه‌كان ئاماده‌ن چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن، ئه‌ویش له‌سه‌ر داوای ئه‌مه‌ریكا له عێراق بوو.
به‌پێی ئاژانسی "رۆیته‌رز" كه ئه‌مڕۆ بڵاوی كردووه‌ته‌وه، به‌رپرسه عێراقییه‌كان كه نه‌یانویستووه ناویان ئاشكرا بكرێت ئه‌وه‌شیان ئاشكرا كردووه، گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ربه ئێران بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له تووڕه‌یی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل بپارێزن، ئاماده‌ن چه‌كه‌كانیان راده‌ست بكه‌ن. بۆ ئه‌وه‌یش باره‌گا سه‌ره‌كییه‌كانیان چۆڵ كردووه و له یه‌نایه‌ری رابردووه‌وه له ته‌واوی شاره‌كانی عێراقدا هێزه‌كانیان كه‌متر كردووه‌ته‌وه.
پێشتریش به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا چه‌ند جارێك ده‌سه‌ڵاتی عێراقیان ئاگادار كردبووه‌وه كه ئه‌گه‌ر رێوشوێنی چه‌كدانان به‌رانبه‌ر به میلیشیاكان نه‌گیرێته‌به‌ر، ئه‌مه‌ریكا له رێگه‌ی هێرشی ئاسمانییه‌وه بۆردمانیان ده‌كات. بۆیه ئێسته گرووپه‌كان نه‌رمییان نواندووه كه ئاماده‌ن چه‌كه‌كانیان رادستی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن. وه‌ك "رۆیته‌رز" ده‌ڵێت، له‌ناویاندا كه‌تیبه‌كانی حزبوڵا و نوجه‌با و كه‌تیبه‌كانی سه‌ید شوهه‌دا و ئه‌نساروڵا ئه‌وفیا.
له‌وباره‌یه‌وه فه‌رمانده‌یه‌كی كه‌تیبه‌كانی حزبوڵای عێراق كه به‌هێزترین گرووپی مقاوه‌مه‌یه، روونی كردووه‌ته‌وه كه تره‌مپ ئاماده‌یه جه‌نگه‌كه‌ی بگه‌یه‌نێته خراپترین دۆخ و ئێمه‌یش ئه‌وه ده‌زانین، به‌ڵام نامانه‌وێ ئه‌و سیناریۆیه‌ی تره‌مپ سه‌ر بگرێت.
فه‌رمانده‌كانی گرووپه‌كان ئاماژه‌یان داوه كه هاوپه‌یمانی سه‌ره‌كییان سوپای پاسدارانی ئێرانه، ئه‌وان رازی بوونه كه هه‌ر بڕیارێك بۆ خۆیان پێیان باشه بیده‌ن، تا تووشی ململانێ وێرانكه‌ره‌كه له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل نه‌بنه‌وه.
هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه عزه‌ت شابه‌نده‌ر كه سیاسه‌تمه‌دارێكی شیعه‌یه گوتی، گفتوگۆ له نێوان سوودانی و به‌شێك له فه‌رمانده‌كانی گرووپه چه‌كداره‌كان، گه‌یشتووه‌ته ئاستێكی زۆرباش، بۆ ئه‌وه‌یش گرووپه‌كان ئاماده‌ییان راگه‌یاندووه كه چه‌كه‌كانیان راده‌ستی حكوومه‌تی عێراق بكه‌ن.
مقاوه‌مه‌ی ئیسلامیی له عێراق كه له چه‌ند گرووپێكی میلیشیایی شیعه‌ی سه‌ربه ئێران پێكهاتوون، له‌وه‌ته‌ی جه‌نگی غه‌زه ده‌ستی پێ كردووه، به‌ناوی پاڵپشتیكردن له گه‌لی فه‌له‌ستین و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس، به مووشه‌ك و درۆن هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئیسرائیل و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌نه ئامانجی هێرشه‌كانیان، هاوكات جیا له پاڵپشتی له كه‌رتی غه‌زه، پاڵپشتی له حزبوڵای لبنانیش ده‌كه‌ن كه هێرشی ئیسرائیلیان له‌سه‌ره. به‌رانبه‌ر به‌وه‌یش چه‌ند جارێك ئه‌مه‌ریكا هێرشی كردووه‌ته سه‌ریان و زیانی پێ گه‌یاندوون.